پێشبینیی کەشوهەوای مانگی رەمەزان؛ 'تاوەکو کۆتایی مانگەکە ئەگەری بارانبارین هەیە'

24-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممەوە رایگەیاند، لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت و ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە. گوتەبێژی کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، تاوەکو کۆتایی مانگی رەمەزان ئەگەری بارانبارین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی جیاواز هەیە. 
 
رۆژی هەینی، 24-3-2023، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی شەممە کە دەکاتە رۆژی سێیەمی مانگی رەمەزان، رایگەیاند: "ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەورى تەواودا دەبێت، ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە تایبەتى لە دوای نیوەڕۆ."
 
سەبارەت بە پلەکانی گەرماش روونیکردەوە: "پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلە بەراورد بە تۆمارکراوی رۆژی هەینی بەرز دەبێتەوە، ئاراستەی با باکووری خۆرهەڵات دەبێت."
 
هاوکات بە گوێرەی کەشناسی، پێشبینیی بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ رۆژی شەممە بەمشێوەیە دەبێت: 
 
- هەولێر: 25 پلەى سیلیزى
- سلێمانی: 22 پلەى سیلیزى
- دهۆک :24 پلەى سیلیزى
- کەرکووک: 26 پلەى سیلیزى
- هەڵەبجە: 23 پلەى سیلیزى
- زاخۆ: 24 پلەى سیلیزى
- سۆران: 25 پلەى سیلیزى
- گەرمیان: 28 پلەى سیلیزى
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی شەممە لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارانبارینیشی لەگەڵدا دەبێت و هەور و برووسەکەش دەبێت، پلەکانی گەرما لە شەودا بە بەراورد بە رۆژی هەینی بەرزدەبێتەوە."
 
عامر جابری هەروەها گوتی: "رۆژانی داهاتوو لە پارێزگاکانی عێراق ئاسمان هەور و و نیمچە هەور دەبێت، بەڵام ئەگەری بارانبارین زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت، بەڵام بڕی بارانبارین لە ناوچەکاندا جیاواز دەبێت."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەشوهەوا روودەدەن، ئەگەری بارانبارین تاوەکو کۆتایی مانگی رەمەزان لە ئارادایە، پلەکانی گەرما لە مانگی رەمەزان لە پارێزگاکانی عێراق لەنێوان 25 بۆ 30 پلەی سیلیزی دەبێت و لە هەرێمی کوردستان دوو بۆ پێنج پلەی کەمترە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشوازیی پاپای ڤاتیکان لە سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بۆ رووداو: داوای پشتیوانیم بۆ رۆژئاوای کوردستان لە پاپای ڤاتیکان کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، داوای پشتیوانییان لە پاپای ڤاتیکان کردووە "بە هێزی مەعنەویی خۆی." هەروەها گوتیشی، "داوام لە ئەحمەد شەرع کرد نەبێتە شەڕی کورد و عەرەب." خەختی لەوەش کردەوە، هەمووان هەست بە مەترسیی داعش دەکەن