کۆمەڵێک چالاکڤان هەوڵدەدەن باڵندەی چێرگ وەک هێمایەک بۆ کوردستان بناسێنن

24-03-2024
پێشانگەی تایبەت بە باڵندەی چێرگ لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
پێشانگەی تایبەت بە باڵندەی چێرگ لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
نیشانەکردن چێرگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چێرگ، گەورەترین باڵندەیە کە دەفڕێت و مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە؛ بۆ ناساندن و وەک هەوڵێک بۆ پاراستنیشی، لە بۆکان پێشانگەیەکی تایبەت بە کاری دەستیی تایبەت بە چێرگ کرایەوە. 
 
پێشانگەکە بەناوی عەباس حەقیقی، شاعیری گەورەی کورد و خەڵکی بۆکانە، تایبەتە بە هونەرە دەستییەکان و لە مۆزەخانەی مامۆستا حەقیقی لە شاری بۆکان کراوەتەوە. ئەمە سێیەم ساڵە پێشانگەی لەم جۆرە دەکرێتەوە.
 
چێرگ لە ناوچەی دەشتە سووتاوی بۆکان دەژیت؛ ژمارەیان زۆر کەمە و ئەوانەش کە هەن مەترسییان لەسەرە. کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی خەڵکی بۆکان رێکخراوێکیان بۆ پاراستنی چێرگ پێکهێناوە بە ناوی ژینبانانی. ئەم پێشانگەیەش بە هەوڵی ئەم رێکخراوە کراوەتەوە.
 
لەم پێشانگایەدا بەرهەمی 200 کەس خراونەتەڕوو. لە وێنە، کاری شێوەکاری و پەیکەرتاشی و بەرهەمی دیکەش کە باس لە کولتوور و مێژووی ناوچەی بۆکان دەکەن؛ هەمووشیان کاری هونەرمەندانی ناوچەی بۆکانن. 
 
بەرهەمەکانی لە پێشانگەکە نمایش کراون بەجۆرێکن، کە رێنوێنی خەڵک دەکەن بۆ ئەوەی زیاتر چێرگ بناسن.
 
رێکخەرانی ئەم پێشانگایە مەبەستیانە چێرگ وەک هێمایەک بۆ کوردستان بناسێنن و لەو رێگەیەوە خەڵک لە گرنگی و پێویستیی پاراستنی چێرگ هۆشیار بکەنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە