دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی دەستیپێکردەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند رۆژێک لە راوەستانی بەهۆی لێڵبوونی ئاوی زێی بچووک، دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی دەستیپێکردەوە. لێپرسراوی دابەشکردنی ئاوی شارەکەش دەڵێت، چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو ئاو دەگاتە سەرجەم گەڕەکەکان.
 
رزگار عەلی، لێپرسراوی دابەشکردنی ئاوی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام چەند رۆژێکمان پێویستە تاوەکو ئاو دەگاتەوە سەرجەم هاوبەشەکانمان، چونکە ناتوانرێت لەیەک کاتدا ئاو بگاتەوە هەموو ماڵەکان."
 
لەبارەی هۆکاری پچڕانی ئاو لە چەند رۆژی رابردوودا، لێپرسراوی دابەشکردنی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی لافاو و لێڵبوونی ئاوەکەوە پرۆسەی دابەشکردن راگیرابوو. گوتیشی، "تەنیا ئەو هاوبەشانە کێشەیان بۆ دروستبووە، کە لە هێڵی یەک و دووی دووکانەوە ئاویان بۆ دەچێت؛ هاوبەشەکانی سەرچاوەی ئاوی سەرچنار هیچ گرفتێکیان نەبووە و دابەشکردنی ئاو لای ئەوان ئاسایی بووە."
 
شاری سلێمانی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، پشت بە هەردوو هێڵی یەک و دووی دووکان و سەرچاوەی ئاوی سەرچنار دەبەستێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، شارەکە رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 480 هەزار مەترسێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی پێداویستیی سەرجەم هاوبەشەکانی پڕبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە