رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەکە دەڵێت: "ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دووژمنکارانەی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە."
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە پەیامێکدا لەبارەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەى ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین و هاوخەمیانین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین."
پێشتر، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن."
لە هێرشەکەدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
لەو بارەیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆيه ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دووژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە."
داواش لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، "هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ