گەنجێکی کورد بووە سەرۆکشارەوانیی شارێکی ئەڵمانیا

24-03-2026
کەهی مەحموود
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سیاسەتمەدارێکی گەنجی کورد لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئەڵمانیا سەرکەوتنی تۆمارکرد و بووە سەرۆکشارەوانیی شاری رۆزێنهایم. ئەو گەنجە توانی دوای 65 ساڵ، پۆستی سەرۆکشارەوانی لە کریستیانە سۆسیالەکان بستێنێتەوە و بیداتەوە بە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD).
 
ئەبوزەر ئەردۆغان، تەمەن 33 ساڵ، کە بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکرات بوو، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی بەیارنی باشووری ئەڵمانیا، کە لە 22ی ئاداری 2026 بەڕێوەچوو، توانی 53.4٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و لە ئەندریاس مێرتزی رکابەری بباتەوە.
 
ئەبوزەر ئەردۆغان کوڕی خێزانێکی کوردی عەلەوییە کە لە باکووری کوردستانەوە کۆچیان بۆ ئەڵمانیا کردووە. بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە فەرمی پۆستی سەرۆکشارەوانیی شاری رۆزێنهایم وەربگرێت، کە شارێکە زیاتر لە 65 هەزار کەسی تێدا دەژیت.
 
ئەبوزەر لە ساڵی 1993 لە رۆزێنهایم لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی "لودڤیگ-ماکسیمیلیان" لە میونشن و پێش ئەوەی بچێتە نێو کایەی سیاسییەوە، وەک پارێزەری یاسای ئابووری کاری کردووە.
 
ژیانی سیاسیی ئەو گەنجە کوردە لە ساڵی 2009وە لە نێو پارتی سۆسیال دیموکرات دەستیپێکردووە و دواتر بووەتە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەی لە ئەنجوومەنی شاری رۆزێنهایم.
 
سەرۆکشارەوانییە نوێیەکەی رۆزێنهایم رایگەیاندووە، کار لەسەر سیاسەتێکی ئابووریی دووربین و دابینکردنی خانووی هەرزان بۆ هاووڵاتییان دەکات.
 
ئەبوزەر ئەردۆغان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت شارەکەی وەک ناوەندێکی مرۆڤدۆستانە بمێنێتەوە و دەڵێت: "دەمەوێت رۆزێنهایم وەک شارێک بمێنێتەوە کە تێیدا فرەڕەنگی و جیاوازییەکان وەک هێزێک سەیر دەکرێن؛ شارێکی کراوە، سینگفراوان و مرۆڤدۆست بێت."
 
سەرکەوتنی ئەم گەنجە کوردە لە میدیاکانی ئەڵمانیادا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، بەتایبەت کە توانیویەتی قەڵایەکی بەهێزی پارتی کریستیانە سۆسیالەکان (CSU) بگرێت، کە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بوو رکابەریان نەبوو لەو شارەدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 پارێزگای وان. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

تەرمی هاونیشتمانییەکی وان چوار رۆژە لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە

تەرمی هاونیشتمانییەکی خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستان کە لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە، ماوەی چوار رۆژە لە شوێنی رووداوەکە ماوەتەوە؛ لەسەر کوژرانی ئەو کەسە، دوو کەس دەستگیرکراون.