رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، گۆڕانکاری لە سێ پۆستی ئەمنی و سەربازیدا لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایشدا کردووە، بەرپرسە نوێیەکانیش رۆژی سێشەممەی رابردوو دەستبەکاربوون.
بەپێی گۆڕانکارییەکان کە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی کراون، پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری، کراوەتە بەرپرسی هەواڵگریی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەو پۆستە پێشتر لەلای جەلال شێخ ناجی بوو، کە ئێستا بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتییە.
بەرپرسی هەواڵگریی پێشمەرگەی یەکێتی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیشە. پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری، لەدوای کۆنگرەی چواری یەکێتی کرایە راوێژکاری سەربازیی بافڵ تاڵەبانی.
ئەنجوومەنی ئاسایش کە پۆڵۆ دەبێتە ئەندامی، پێکدێت لە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی، دەزگای پاراستن و زانیاری-پاراستن، دەزگای پاراستن و زانیاری-زانیاری، هەواڵگریی هێزەکانی پێشمەرگە (یەکەی 80)، هەواڵگریی هێزەکانی پێشمەرگە (یەکەی 70).
هەر بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە، عەمید یاسین جەلال محەممەد ئەمین، لە شوێنی عەمید عیماد محەممەد حەمەد، کراوەتە بەرپرسی بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی. هەروەها عەمید عیماد محەممەد حەمەد کراوەتە جێگری فەرماندەی فیرقەی دوو کە لەلایەن لیوا روکن رێبوار محەممەد محیەدینەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
پۆستەکان بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی سێشەممەی رابردوو ئاڵوگۆڕیان پێکراوە و بەرپرسانی نوێ لە شوێنی بەرپرسانی پێشوو دەستبەکاربوون.
گۆڕانکارییەکان لە پۆستە سەربازییەکانی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی حەفتای یەکێتی و لیوا روکن عومەر ساڵح حەسەن، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزەکانی 70 و فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی دوو و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای یەکەی 70 لە بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی و فیرقەی دووی هێزەکانی پێشمەرگە کراون.
عەمید ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70 لەبارەی گۆڕانکارییەکانەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گۆڕانکارییەکان کراون و بەرپرسانی نوێ دەستبەکاربوون و، تەنیا ئەو ئاڵوگۆڕانە کراون لە چەند پۆستێک و سێ کەسی نوێ لە سێ پۆستی نوێ دەستبەکاربوون."
لیوا ئەیوب یوسف سەعید، سەرپەرشتیاری لیواکانی سێ و حەوتی پێشمەرگەی یەکێتی گۆڕانکارییەکانی نێو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و ئەمڕۆ بۆ پیرۆزبایی سەردانی پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەریی کردووە و وێنەکانیشی بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ