لە سێ مانگی بەهار 541 بوومەلەرزە لە کرماشان تۆمارکراون

24-06-2019
عومەر شایان
نیشانەکردن کرماشان بوومەلەرزە
A+ A-

رووداو-هەولێر

بەرپرسی تۆڕی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، تەنیا لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ 541 بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان تۆمارکراون.

فەرهاد فروزی، بەرپرسی تۆڕی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "لەو 541 بوومەلەرزەیە 215 بوومەلەرزە لە مانگی نەورۆز، 164 بوومەلەرزە لە مانگی دووەمی بەهار و 162 بوومەلەرزەش لەمانگی سێیەمی بەهار روویانداوە".

گەورەترین بوومەلەرزەش لەو ماوەیەدا بەگوتەی فەرهاد فروزی، لە 12‌هەمین رۆژی نەورۆز روویداوە بە گوڕی 5.2 ریختەر لە ناوچەی سوومار. بەگشتیش لەوماوەیەدا سوومار، قەسری شیرین، تازئاوا و سەرپێڵ زەهاو زۆرترین بوومەلەرزە تێیاندا تۆمارکراون.

ساڵی 2017 ، بوومەلەرزەیەکی 7.3 ریختەری لە پارێزگای کرماشانی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 620 کەس و 12 هەزار و 386 کەسیش بریندار بوون. بوومەلەرزەکە زیانی گەیاند بە 10 شار و هەزار و 930 گوندی ئەو پارێزگایە و نزیکەی 100 هەزار دووکان و شوێنی نیشتەجێبوون لەو پارێزگایە زیانیان بەرکەوت. تەنیا لە سەرپێڵ حەوت هەزار خانوو رووخان و نزیک بە 10 هەزار خانووی دیکەش زیانیان بەرکەوت.

هەروەها لە مانگی 11ـی 2018 بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.4 پلەی ریختەر پارێزگای کرماشانی هەژاند و بەپێی ناوەندە فەرمییەکانی ئەو پارێزگایە 716 کەس بریندار بوون.

تۆڕی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی کرماشان ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی رۆژئاوای ئێران و بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بوومەلەرزەکانی کرماشان، هەمەدان، لۆڕستان، ئیلام و پارێزگای سنە تۆماردەکات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.