رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری شارەکانی دیلۆران، دەرەشار و ئاودانان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، 180 کارمەندی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام 11 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە؛ 'ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت،' وەزیری کشتوکاڵ بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن.
ئەسەدوڵڵا چراغی، نوێنەری دیلۆران، دەرەشار و ئاودانان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک کارمەندی گرێبەستی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام چەندین جار پەیوەندییان پێوە کردووە و پێیان راگەیاندووە، مووچەی هەشت مانگی پار و سێ مانگی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.
ئەسەدوڵڵا چراغی گوتی ژمارەی ئەو کارمەندانەی مووچەیان وەرنەگرتووە 180 کەسە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش پەیوەندی بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاودێریی ئێران و بەرپرسانی پارێزگای ئیلامەوە کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، پێنەدانی مووچەی 11 مانگی کارمەندانی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام 'جێگەی قبووڵکردن نییە' و، گوتی "پێویستە بەرپرسانی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاودێریی وڵات و پارێزگاکە لە کارنامەی خۆیاندا ئامانجی لەپێشینەیان بکەنە خەرجکردنی مووچەی ئەو کارمەندانە."
نوێنەری دیلۆران، دەرەشار و ئاودانان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەوە نەکرێت، وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکان بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ