رووداو دیجیتاڵ
محەممەد بن راشد، جێگری سەرۆکی شانشینی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بڕیاریدا ژمارەیەک ئەسپ و فێرگەیەکی ئەسپسواری بە دیاری ببەخشێتە لەنیا فاخیر لە شاری هەولێر، لەنیا دەڵێت، "دیارییەکە زۆر دڵخۆشم دەکات و چاوەڕوانی وەرگرتنیان دەکەم بۆ ئەوەی لە رێگەیانەوە پەرە بە ئارەزووەکانم بدەم."
ئەمرۆ دووشەممە، 24-7-2023، ئاژانسی هەواڵی ئیمارات رایگەیاند جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران کە هاوکات حاکمی دوبەیە، بڕیاری داوە ژمارەیەک ئەسپ و فێرگەیەکی ئەسپسواری پێشکێشی لەنیا فاخیر بکات.
چەند رۆژێک لەمەوبەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەنیا فاخیر بڵاوبویەوە، کە باوەشی لە ئەسپە مرداربووەکەی داوەو بۆی دەگری. ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیمارات، لەنیا فاخیر، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دیارییە ژمارەیەک ئەسپ و فێرگەیەکە، زۆر سوپاسی دەکەم بۆ دیارییەکانی، ئەوە خەونی چەند ساڵەم بوو و سوپاسی خوای گەورە دەکەم."
لەنیا بچووکترین ئەسپسواری عێراق و کوردستانە، تەمەنی 8 ساڵە.
ناوی ئەسپەکەی لەنیا، جیسنۆ بوو، وەک خۆی دەڵێت، بە دیاری بۆی هاتبوو. لەنیا دەڵێت، سەرباری ئەوەی دیارییەکانی زۆر پێ گرنگە، بەڵام ئەوە وای نەکردووە جیسنۆ لە بیر بکات. دەشڵێت، رۆژانە پێش ئەوەی بچێت بۆ ئەسپسواری، سەردانی شوێنی ناشتنی ئەسپەکەی دەکات.
پێشتر مەلا مستەفا بارزانی، هاوسۆزیی خۆی بۆ لەنیا نیشانداوە، بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردووە و ئەسپێکی بە دیاری پێشکێش کردووە.
لەنیا دانیشتووی قوشتەپەیە، لە تەمەنی 5 ساڵییەوە خولیای ئەسپسواری بووە، وەک خۆی دەڵێت: "بۆ هەتاهەتایە واز لەو حەزەی ناهێنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ