ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە هەولێر کۆدەبێتەوە

24-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو 27-08-2023 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر کۆببێتەوە؛ یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە رێوشوێنەکانی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە کە بڕیارە مانگی داهاتوو ببەسترێت.
 
شەوی چوارشەممە 23-08-2023 محەممەد سوور دووشیوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی یەکشەممە 27ی ئاب سەرکردایەتیی یەکێتی لە شاری هەولێر کۆدەبێتەوە، بەڵام هێشتا بە دیاریکراوی خاڵ و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەمان پێنەگەیشتووە."
 
بڕیاری کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە هەولێر دوای ئەوە هات کە مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە رۆژی 20ی ئەم مانگە لە شاری کەرکووک کۆبووەوە و تێیدا بڕیاری بەستنی کۆنگرەی یەکێتی لە 27ی ئەیلوولی 2023 درا.
 
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە جگە لە تاوتوێکردنی بارودۆخی نیۆخۆیی یەکێتی، پەیوەندییەکان لەگەڵ حیزبەکانی دیکە، بەتایبەت پارتی، باسی ژمارەیەک پرسی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت؛ بەڵام وردەکارییەکانی کۆنگرە و چۆنێتی بەستنی و شوێن و رێکارەکان بخرێتە بەردەستی ئەندامانی سەرکردایەتی و زانیاریی پێویستی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبەیان لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمەوە بەدەست بگات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێتی لەو کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی رابردووی مەکتەبی سیاسی لە کەرکووک بڕیاری دا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بکرێن.
 
بەپێی مادەی 14ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆنگرەی ئەو حیزبە باڵاترین دەسەڵاتە و هەر چوار ساڵێک دەبەسترێت، ئەندامانی کۆنگرەش نابێت لە هەزار ئەندام تێپەڕێت.
 
جگە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگەکانی ساڵی 1976 و ئەندامانی سەرکردایەتی، کە لە 124 کەس پێکدێت و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو کە هێشتا لە ریزەکانی یەکێتی خەبات دەکەن، جگە لەوانەی بە هەڵبژاردن لە مەڵبەند و دەزگا و مەکتەب و ئۆرگانەکانی دیکەوە دێن، دەبنە ئەندامی کۆنگرە.
 
رۆژی 21-12-2019، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، بەڵام رۆژی 8ی تەممووزی 2021 کێشەی هاوسەرۆکانی ئەو حیزبە دەرکەوت و بەهۆیەوە لاهوور شێخ جەنگی، کە هاوسەرۆکی یەکێتی بوو، دوورخرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.