شارەوانیی سلێمانی هۆشداریی دەدات لە وشکبوونی پارکی هەواری شار

24-09-2020
ئالان نازم
نیشانەکردن هەواری شار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی داوا لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات بە هانای پارکی هەواری شارەوە بێت و لە وشکبوون و سووتان رزگاری بکات.
 
بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار لە نووسراوێکدا داوا لە سەرۆکی شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی دەکات کرێکاری پێویست بۆ پارکەکە بە کرێ بگیرێت تاوەکو هەواری شار لە سووتان بپارێزن ئەگەرنا پارکەکە بە رووی گەشتیاراندا دابخرێت تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی پێویستی بۆ تەرخان دەکات.
 
رێبین جەمیل، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵەوە نووسراومان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە کە بودجەی پێویست بۆ پارکەکەمان تەرخان بکەن ئەوانیش نوسراوەکەیان ئاڕاستە وەزارەتی دارایی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە و هیچ بڕە پارەیەک بۆ پارکەکە تەرخان نەکراوە.
 
بە گوێرەی نووسراوەکەی بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار لە 15/1/2020 دەرخستەی تایبەت بە (بەڕێوەبردن، چاکسازیی و خزمەتکردنی پارکی هەواری شار) ئامادەیە و دراوە بە وەزارەتی شارەوانی، هاوکات لە 19/5/2020وە کۆمپانیای لاوێن کە ئەرکی خزمەتکردنی پارکەکەی لەئەستۆ بوو وازی لەکارەکەی هێناوە و گرێبەستی تەواوبووە، بەڵام گرێبەستی کارکردن لە پارکەکە لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەکراوە، ئەوەش وایکردووە کە پارکەکە بێخزمەت بمێنێتەوە و بەرەو وشکبوون دەچێت.
 
بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار داوا لە شارەوانیی سلێمانی دەکات بە زووترین کات کرێکاری پێویست بۆ پاککردنەوەی پارکەکە لە گژوگیا و ریکخستنەوەی دابینبکات، ئەگەرنا هەواری شار بە رووی هاونیشتمانییان و گەشتیاراندا دابخریت تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ تەرخان دەکات بەمەبەستی خزمەتکردن و ئاودانی.
 
پارکی هەواری شار مانگی 5ی ساڵی 2016 دوای 10 ساڵ کارکدن تێیدا کرایەوە، رووبەری پارکەکە 4 هەزار دۆنمە و تەنیا 30 باخەوانی هەیە.

 

دەقی نووسراوەکە

دەقی نووسراوەکە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە