سالار عوسمان: گشتپرسی تاهەتایە کارتە بە دەست کوردەوە

25-09-2023
سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆیەکی هێمن و زانستییانە لەبارەی گشتپرسی و لێکەوتەکانی بەڕێوەبچێت. دەشڵێت، "گشتپرسی بڕیارێکی زۆر راست و رووداوێکی گەورەی مێژوویی بوو."
 
سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ ئەلقەی نۆیەمی بازنەی گفتۆگۆ لەبارەی گشتپرسی و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوبارەوە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە گفتۆگۆیەکی هێمن، ئارام و زانستییانە بەڕێوەبچێت کە گشتپرسی، ئەو وەرچەرخانە مێژووییە چی بوو، چی پێشکش کرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن بەرخوردی کرد لەگەڵ گشتپرسی و لەکوێی راست بوو، لە کوێ ناکۆک بوو لەگەڵ خۆی، لەگەڵ پرەنسیپەکانی، لەگەڵ بنەماکانی کە هەڵیگرتووە بەدرێژایی مێژوو.
 
سالار عوسمان دەڵێت، "گشتپرسی بڕیارێکی زۆر راست و رووداوێکی زۆر گەورەی مێژوویی بوو، وەرچەرخانێکی زۆر چۆنایەتی بوو لە هزر و روانینی کورد. لە 25-09-2017، کورد بە هەموو جیهانی گوت، ئێمە لێرەین، نەتەوەین و مافمان هەیە و دەمانەوێت بە ئاشتی و دیموکراسی بژین، بەڵام ئێمە خەونی سەربەخۆییمان هەیە."
 
سالار عوسمان تیشکی خستە سەر پێکەوەژیان و پێکەوە بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان و گوتی، "لە ئەڵقەی ئەمڕۆدا حیزب و لایەن و ئایینە جیاوازەکاندا بەشداربوون، ئەوەش بەو واتایەیە دەمانەوێ گفتوگۆیەکی تەندروست و پاک لەسەر پرسی ریفراندۆم بەڕێوەببەین بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بیرکردنەوەکان ببیستین و بەتەنیا گوێمان لە دەنگی خۆمان نەبێت و هەموو دەنگەکان بەیەکەوە ببنە دەنگێکی بەرهەمدار".
 
لە 25-9-2017 و سەرەڕای گوشارە نێوخۆیی و نیودەوڵەتییەکان، بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و خەڵک چوونە سەر سندووقەکان و نزیکەی 93%ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی دا.
 
بەڵام حکومەتی عێراق لەبری رێزگرتن لە خواستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هێرشیکردە سەر کەرکووک و بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دیکە و بە تووندترین شێوەش سزای هەرێمی کوردستانی دا و دەروازە و فڕۆکەخانەکانی کوردستانی بۆ ماوەیەک داخست.
 
بە بڕاوی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، گشتپرسی، بۆ تاهەتایە کارتێکە لەدەست هەر کوردستانی و ئازادیخوازێک، بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە ئاشتی بژین و دەستی چارەسەر بۆ گرفتەکان درێژ بکەن. دەشڵێت، "لەبەر ئەوەی ئێمە مێژوویەکمان هەیە لە گرفت و ئاریشەی قووڵ، تاوەکو ساڵی 1991 رژێمە یەک لەدوای یەکەکان هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆسایدیان بۆ عێراق جێهێشتووە، بە کوردستانیشەوە، لەدوای ئازادیی عێراقیش، ئێمە کێشەی قووڵمان لەگەڵ بەغدا هەیە، ئەو کێشانە وایانکرد هەرێمی کوردستان بیر لە چارەسەر بکاتەوە و یەکێک لە چارەسەرەکان ریفراندۆم بوو."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، سالار عوسمان باسی لەوە کرد، "ریفراندۆم لە دیدگای هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانییەوە کە ئەوکات پێشڕەوی ئەو پرۆسە مێژووییەی کرد، بریتی بوو لە چارەسەر، بۆیە دەبێ هەموو عێراقییەک و هەموو دنیا لەو چەمکە تێبگات کە ریفراندۆم خۆی بریتییە لە چارەسەر و بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ناوخۆی خۆمان و دراوسێ و دنیا بژین، دەبێت چارەسەرمان پێبێت و یەک لە چارەسەرەکانی هەرێمی کوردستانیش ریفراندۆم بوو، کوردستان دەیویست لەدوای ریفراندۆمیش بە ئاشتییانە گفتوگۆ بکات".
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی باس لەوە دەکات کە "بڕیاردان لە رۆژی ریفراندۆم و لەو رۆژەشدا دەنگدان بە بەڵێ و دانیشتن لەگەڵ عێراق بۆ دانوستاندن لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم و بڕیاری سەربەخۆیی بۆ هەرێمێکی هەڕەشە لەسەر، سەرجەمیان کەیسی لەیەک جودان و ئەوانەی گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن، بەتایبەت عێراقییەکان، دەبێ بە دیدگایەکی فراوانترەوە سەیری ئەو بابەتە بکەن".
 
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش گوتی، "پەیوەستن بە تێنەگەیشتنی هەردوولا لە ژیانی سیاسی و ماف و پرەنسیپەکان، دەبێ هەردوولامان بە تێگەیشتنەکانماندا بچینەوە، ئەگینا حیزبەکان هەموو درووشمی زۆر باشیان هەڵگرتووە و لە بواری کردەییدا دەبینین تێگەیشتنەکان جیاوازن لە درووشمەکان. ئێستا دەروازەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەیەک تێبگەن، بەشێک لە سیاسی و تێکۆشەرانی عێراق زۆر باش لە رۆشنبیری لێکتێگەیشتنی سیاسی تێدەگەن و دەزانن چۆن خاڵكە هاوبەشەکان کۆبکەنەوە و تابلۆیەک بۆ عێراقی نوێ دروست بکەن، ئەو تابلۆیەی هەموومان کارمان بۆکرد و خوێنمان بۆ بەخشی، دەشمەوێ بیری هەموو عێراقییەکانی بهێنمەوە کە ئەو رۆژانە سەرۆک بارزانی و خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بەشداربوون بۆ دروستکردنی عێراقی نوێ، کەواتا عێراقی نوێ بەرهەمی هەموو عێراقییەکانە بە هەموو تێکۆشەرانی کوردستانیشەوە و ئێمە بەو تێگەیشتنە سەیری عێراق دەکەین".

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.