رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر بە هەموو هێزی سەربازیمانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەینەوە." هەروەها گوتیشی، "تاوەکو ئامانجەکانمان بەدەستنەهێنین، ناوەستین."
رۆژی هەینی، 24-11-2023، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجیان لەنێوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکانە لە غەززەوە بۆ ئیسرائیل.
پێشووتریش، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کاتی سەردانی کردنی دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ئیسرائیل، رایگەیاند، "ئامانجەکانمان کە بریتییە لە لەنێوبردنی هەمیشەیی حەماس، ئەگەر حەماس لەنێو نەبرێت ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەب هەرگیز ناکرێت."
هاوکات، ئەمڕۆ بەشێک لە ئاوارەکانی کەرتی غەززە لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە لە باشووری کەرتەکەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان و لەوبارەوە ئیسرائیل لە ئاسمانەوە چەندین نامەی بە ئاسمانی شارەکەدا بڵاوکردەوە و داوای لە خەڵک کرد نەگەڕێنەوە باکوور و "شەڕ کۆتایی نەهاتووە."
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بەیانیی رۆژی هەینی کاژێر 7:00ـی بەیانی ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، کاژێر 16:00 [کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر] 13 دیلی ئیسرائیلی کە لای حەماسن، ئازاد دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ