بەفربارین لە لوڕستان خوێندن لە قوتابخانەکان رادەگرێت

24-12-2022
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما لە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دوو پارێزگای ئێران بووە هۆی راگرتنی خوێندنی بەشێک لە قوتابییان و هەروەها هاتووچۆش لە هەندێ لە رێگەکاندا وەستاوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای لوڕستان بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 24-12-2022 رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرماوە، خوێندن لە قۆناخی بنەڕەتی لە شارەکانی دولفان، ئەزنا، درود و بروجێرد وەستاوە.
 
لە شاری ئەلیگودەرز، جگە لە قوتابخانەکانی قۆناخی بنەڕەتی، قوتابخانەکانی قۆناخی ئامادەییش خوێندن تێیاندا وەستا.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستانیش ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، هەر کەس دەیەوێت بە ئۆتۆمبیل لەو پارێزگایەوە بۆ شوێنێکی دیکە بچێت، دەبێت پێداویستیی تەواوی گەشتکردنی هەبێت، لەوانە زنجیری تایە.

 

 
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای لوڕستانیش دەڵێت، بەهۆی بارینی بەفر و بارانی بەخوڕەوە لە هەندێ لە شارەکاندا کارەبا بڕاوە و لەبەر بەردەوامبوونی بارینی بەفر و باران، نازانرێت چ کاتێک ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.
 
بەپێی راپۆرتی کەشناسیی لوڕستان، شەپۆلی بارینی باران و بەفر لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو درەنگانی ئەمشەو بەردەوام دەبێت.
 
هەروەها لە پارێزگای ئیسفەهان بەهۆی بارینی بەفرەوە خوێندن لە قوتابخانەکانی پێنج شار و لە پارێزگای زەنجانیش خوێندن لە قۆناخی بنەڕەتی هەموو شارەکانی ئەو پارێزگایە وەستا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی: ئومێدەوارین راگەیاندنکاران یاسا و ئیتیکی رۆژنامەڤانی لەبەرچاو بگرن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە، هیوای خواستووە راگەیاندنکاران "لەئاست پیشە و ئەرکی گرنگی راگەیاندندا بن و بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، کاری خۆیان ئەنجام بدەن."