کۆریای باشوور بە نیو ملیۆن دۆلار هاوکاری پارێزگای سنە دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی کۆریای باشوور بە نیو ملیۆن دۆلار هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی پێگەیاندنی تەکنیکی و پیشەیی پارێزگای سنە دەکات.
 
دووەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی لیژنەی پەرەپێدانی تواناکانی بەڕێوەبەرایەتیی پێگەیاندنی تەکنیکی و پیشەیی پارێزگای سنە، رۆژی سێشەممە 23-12-2025 بە ئامادەبوونی جون پیو کیم، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە تاران بەڕێوەچوو و تێیدا هاوکاری حکومەتی کۆریای باشوور بەخشرایە پارێزگای سنە.
 
باڵیۆزی کۆریای باشوور رایگەیاند، هاوکارییەکە بایی نزیکەی 500 هەزار دۆلارە و دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی پێگەیاندنی تەکنیکی و پیشەیی پارێزگای سنە تاوەکو خوێندکاران بەشێوەیەکی باشتر لە بواری پیشەیی و تەکنیکی پێ بگەیێندرێن.
 
جون پیو کیم گوتی، ئەو هاوکارییە پیشانی دەدات، سەردانی مەیدانیی باڵیۆزی کۆریای باشوور دەتوانێ دەستکەوتی هەبێت و حکومەتی کۆریای باشوور گرنگی بە هاوکاریی کردەیی و کاریگەر دەدات.
 
پارێزگاری سنەش سوپاسی حکومەتی کۆریای باشوور دەکات بۆ ئەو هاوکارییە و دەڵێ، بەسوود دەبێ بۆ پارێزگاکە.
 
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە رێوڕەسمی وەرگرتنی هاوکارییەکەی کۆریای باشووردا گوتی، بەخشینی ئەو هاوکارییە دەتوانێت دەرفەتێکی بەنرخ بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی پەروەردەکردنی گەنجان لەبواری تەکنیکی و هەنگاوێکی گەورەیە لە چوارچێوەی گەشەپێدانی توانای مرۆیی پارێزگاکە.
 
باڵیۆزی کۆریای باشوور لە ئێران لە ئایاری 2025 سەردانی پارێزگای سنەی کرد و رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییە کولتووری، گەشتیاری و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەو پارێزگایە بدات. 
 
لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای سنە رایگەیاند، کۆریای باشوور بڕیاریداوە بە 500 هەزار دۆلار هاوکاری پارێزگای سنە بکات لە بواری پەرەپێدانی ژێرخانەکانی پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی لەو پارێزگایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە