شارەوانیی هەولێر شوێنی 100 خاوەنکار بە شۆفڵ تێکدەدات

25-02-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
گردبوونەوەی خاوەنکارەکان لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک
گردبوونەوەی خاوەنکارەکان لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک
نیشانەکردن شارەوانیی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمێکی شارەوانیی چوار لە هەولێر شوێنی 100 خاوەنکاری سەوزە و میوەفرۆشی تێکداوە. کاسبکارەکانیش بە رووداویان راگەیاند، کە پێشتر بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە کە لەو شوێنە بەردەوام بن لە کارکردن، "بەڵام ئەمڕۆ بێ ئاگاداری ئێمە شوێنەکە بە شۆفڵ تێکدراوە."
 
لەسەر ئەوەی کە شارەوانی بەمشێوەیە شوێنی کاسبکارەکانی تێکداوە، ژمارەیەک کاسبکاری گەڕەکی پێنجی حەسارۆک لە هەولێر گردبوونەوە. فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کاژێر 06:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمەکانی شارەوانیی چوار لە هەولێر شوێنی 100 خاوەنکاری تێکداوە کە سەوزە و میوەیان فرۆشتووە.
 
یەکێک لە کاسبکارەکان: پێش چەند رۆژێک شارەوانی ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە
 
یەکێک لە کاسبکارەکان کە بەشداریی گردبوونەوەکەی کردبوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێش سێ رۆژ شارەوانی ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت ئەو شوێنە چۆڵبکەین، بەڵام ئێمە سەردانی ناوچەی ئاڵامان کرد و بە ئێمەیان گوت کە پەیوەندییان بە شارەوانییەوە کردووە و تەنیا گوتویانە کە پاکوخاوێنی شوێنەکە بپارێزن و شوێنەکەتان تێکنادرێت."
 
ئەو کاسبکارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە لە دوو رۆژی رابردوودا هەر یەکێک لە کاسبکارەکان بە بەهای سێ بۆ چوار ملیۆن دینار میوە و سەوزەی هێناوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بیفرۆشین، "بەڵام شارەوانی کاژێر شەشی بەیانی هاتووە بەبێ ئەوەی پرس بە ئێمە بکرێت، شۆفڵی لە هەموو میوە و سەوزەی ئێمەداوە و زیانی 30 هەزار دۆلارمان بەرکەوتووە."
 
یەکێکی دیکە لە کاسبکارەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر تەنیا یەکجار لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادارکراینەتەوە، بەڵام ئێمە چووینە لای کاک عەلی و تەلەفۆنی بۆ بەڕێوەبەری شارەوانی کردووە و ئەوان [شارەوانی] گوتیان کە تەنیا پاکوخاوێنی شوێنەکە بپارێزن، بەڵام دەبینین کە ئێستا شارەوانیی خۆی شوێنەکەی بەمشێوەیەیە پیسکردووە."
 
بەگوتەی ئەو کاسبکارە هەموو ئەو سەوزە و میوەی کە لەلایەن شارەوانییەوە بە شۆفڵ تێکەڵی یەکدی کراوە و خراپکراوە "بایی سێ دەفتەر دۆلارە (30 هەزار دۆلار)." دەشڵێت "پۆلیس هاتووە بە چەک هەڕەشەی لە هاووڵاتی کردووە و لێیداوە بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی هەبێت."
 
کاسبکارێک: پۆلیسێک لە هاووڵاتییەکی داوە و پێیگوتووە بۆم هەیە بشتکوژم
 

 
یەکێکی دیکە لە کاسبکارەکان ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان لە کاتی کەرەنتینەکەوە لەو شوێنە کاردەکەن و هەموو رێنماییەکانی شارەوانییان جێبەجێکردووە. "بەڵام خێرە پێش کاژێر شەشی بەیانی شارەوانیی ئاوا لە ئێمە دەکات، ئێمە هەر یەکێکمان بە بەهای چوار ملیۆن دینار زەرەرمان کردووە."
 
ئەو کاسبکارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "پۆلیسێک هاتووە لەبەرئەوەی کابرا[یەکێک لە کاسبکارەکان] زیانی بەرکەوتووە و داوای مافی خۆی کردووە، بەڵام بە قۆنداخی تفەنگ سەری شکاندووە و پێیگوتووە کە بۆم هەیە بشتکوژم."
 
خاوەن کارەکان لە رێگەی رووداو داوا دەکەن کە شارەوانی ئەگەر قەرەبووشیان ناکاتەوە، رێگەیان پێبدات بەردەوام بن لە کارەکانیان. 
 
شارەوانیی چواری هەولێر چی دەڵێت؟
 
نیاز ساڵح قادر، بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر چەندجارێک ئەوانمان ئاگادارکردبوویەوە و دوایین کاتیش سێشەممە 23-02-2021 بوو. بەشێکی زۆر لە کاسبکارەکانیش دوای ئاگادارکردنەوەکە شوێنەکەیان چۆڵکردبوو، بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ شوێنەکانیان تێکدراوە ئەوانەن کە کەمتەرخەم بوون لە ئاگادارکردنەوەکەی ئێمە و پێشێلی رێنماییەکانی شارەوانیان کردووە."

سەبارەت بە قسەی یەکێک لە کاسبکارەکان کە ئاماژەی بەوەدا لەلایەن پۆلیسەوە بە قۆنداخی تفەنگ لێیان داوە و سەریان شکاندووە، بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری هەولێر گوتی "ئاگاداری ئەوە نین و لەگەڵ بەڕێز قایمقام لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەین."

لە شاری هەولێر ژمارەیەک رێگەی سەرەکی بوونەتە شوێنی سەوزە و میوەفرۆشی سەر شەقامەکان، لەوانە سەر رێگەی کەسنەزان کە دەکەوێتە سنووری شارەوانیی چواری هەولێر. هەندێک رێگەی دیکەی سەرەکییش هەن و بە هەمان شێوە سەوزە و میوەیان تێدا دەفرۆشرێن، هەروەک چۆن لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانیش هەمان دیاردە بەدی دەکرێت.

پێشتریش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێنمایی ئاراستەی شارەوانییەکان کرد بوو بۆ رێکخستنەوەی رێگەکانی هاتووچۆ لەوانە شەقام و شۆستەکان، بەتایبەت ئەو کەسانەی سەوزە و میوە و شتومەکی دیکە لەسەر شۆستەکان دەفرۆشن. بەپێی رێنماییەکان، شارەوانییەکان هەڵدەستن بە پێدانی مۆڵەت و وەرگرتنی پارە لەو فرۆشیارانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند منداڵێک 194 سکەی زیویان دۆزیوەتەوە.

لە بێستانسووری سلێمانی چەند منداڵێک بۆ قارچک دەگەڕێن و سکەی زیو دەدۆزنەوە

ماوەی 12 رۆژە لە گوندی بێستانسوور لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، پێنج منداڵی دانیشتووی گوندەکە، کە تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 15 ساڵدایە، لە کاتی گەڕان بەدوای قارچکدا لە دەشتەکانی دەوروبەری گوندەکە، 194سکەی زیویان دۆزیوەتەوە.