رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی 8 کەسی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سۆران، بەهۆی خراپیی سەقفی خانووەکەیانەوە کە کرێنشینن، لەژێر چۆڕاوەی بەفر و باراندا دەژین. دایکی منداڵەکان دەڵێت: "نیوەشەوان بەتانیی زیاتر بەسەر منداڵەکانمدا دەدەم، کەچی هەر بارانیان بەسەردا دێتە خوارەوە."
خانووەکە لە هەر لایەکەوە لێی دەڕوانیت، سووچێکی وشکی تێدا نەماوە لێی دابنیشن و بخەون. دایک و باوکێک و شەش منداڵ کە هەموویان قوتابین، لەگەڵ سەرمای ئەم زستانەدا بەو جۆرە رۆژەکانیان بەڕێ دەکەن.
رێباز محەممەد، باوکی منداڵەکان و خاوەنی ماڵەکە دەڵێت: "6 منداڵم قوتابین و ئێمەش لە سووچێکی خانووەکە کە سێ مەترە دادەنیشین و دەخەوین. تاوەکو یەک دڵۆپە باران ببارێت، لە سەقفەکەشەوە دێتە خوارەوە؛ کاژێر 2 و 3ـی شەو بێت دەبێت جێگەکەمان بگوازینەوە. باران رەحمەتی خوایە، بەڵام بۆ ئێمە خەفەتە."
ئەو خێزانە کرێچین و مانگانە 200 هەزار دینار کرێی خانووەکەیانە. هەموو سەروەتی ماڵەکەیان تەنیا چەند ژەمێک خۆراکە کە تەڕبووە. لە ماڵەکەدا راخەر راناخرێت و باران چۆن دەبارێت، بەو جۆرە لە بنمیچی خانووەکەوە دێتە خوارەوە، بەشێوەیەک چێشتخانە، هۆڵ و دیوەخانەکەیان وەک مەلەوانگەی لێ هاتووە.
بەفرین عەبدولقادر، دایکی منداڵەکان دەڵێت: "تەنیا پەناگەیەکی بچووکم دەوێت منداڵەکانمی تێدا بژیێنم. کوڕە بچووکەکەم شەو دەیگوت خەوم لێ ناکەوێت لەبەر دەنگی دڵۆپەی باران. نیوەشەو هەر هەڵدەستامەوە و بەتانیی زیاترم بەسەر منداڵەکانمدا دادەدا بۆ ئەوەی گەرم ببنەوە، کەچی هەر بارانیان بەسەردا دەهاتە خوارەوە."
هەژاری و نەبوونی، رێگەی لەو خێزانە گرتووە خانووەکەیان بگۆڕن، چونکە لە توانایاندا نییە خانوویەکی دیکە بە کرێیەکی زیاتر بگرن. ئێستا چاویان لە دەستی خێرخوازان و خواپێداوانە تاوەکو هاوکارییان بکەن بۆ دابینکردنی ماڵێکی گەرم و دەربازبوونیان لەو زەحمەتی و ساردییەی ئێستا تێیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ