بازاڕی تاناکۆرای شاری مهاباد چۆڵە: خەڵک پارەی خواردنیان نییە چ جای جلوبەرگ

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
 بازاڕی تاناکۆرای شاری مهاباد
بازاڕی تاناکۆرای شاری مهاباد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی تاناکۆرای مەهاباد کە بە ناوەندی جلوبەرگی ئەورووپی لە ئێران ناسراوە، لە بێ بازاڕیدا دەناڵێنێت. کاسبکارێک دەڵێت: "لە ساڵی 1981ـەوە لێرەم و دۆخی وام نەبینیوە."
 
لە دوایین مانگی زستاندا، کە ساڵانی رابردوو بازاڕەکە پڕ دەبوو لە کڕیار بۆ ئامادەکاریی نەورۆز، ئەم ساڵ بێدەنگی باڵی بەسەردا کێشاوە.
 
ئیسماعیل ئیبراهیمزادە، دووکاندارێکی بەتەمەنی بازاڕەکەیە و دەڵێت: "دۆخی بازاڕ لەوپەڕی خراپیدایە؛ گرانیی خۆراک گەیشتووەتە ئاستێک خەڵک پارەی ئەوەندەیان نامێنێتەوە بیدەن بە جلوبەرگ."
 
مەسعود، دووکاندارێکی دیکەیە و نیگەرانە لەوەی "تاوەکو ئێستا رووینەداوە بەرەو نەورۆز بڕۆین و هیچ فرۆشێکمان نەبێت."
 
بێبازاڕی وایکردووە بەشێک لە کاسبکاران نەتوانن کرێی دووکانەکانیان بدەن. عوسمان رەمەزانی دەڵێت: "دووکاندار هەیە دوو مانگە کرێی نەداوە و خاوەن دووکانەکان لە ناچاریدا چاوەڕێ دەکەن تاوەکو بازاڕ دەکرێتەوە."
 
کێشەیەکی دیکەی کاسبکاران بڕینی ئینتەرنێتە، چونکە پشتیان بە فرۆشتنی ئۆنلاین بەستبوو. مەسعود ئاماژە بەوە دەکات: "پەیجەکەمان 70 هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، بەڵام بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە تەواو ناچالاک بووە و زیانی زۆرمان کردووە."
 
بازاڕی تاناکۆرای مەهاباد لەسەر رووبەری سێ هێکتار دروستکراوە و لە دوو نهۆم و نزیکەی 1500 دووکان پێکهاتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە