رووداو - هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ هێزە ئەمنییەکان دەرکرد و ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەرکدا دەمێننەوە تاوەکو بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار دەکرێنەوە.
سەرجەم هێزەکانی سەر بەو وەزارەتە لە رۆژی 23-3-2020ـەوە لە ئامادەباشیدان، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "ئەو هێزانەی ئێستا لە ئەرکدان لەگەڵ ئەو هێزانەی لە پشوودان هیچ ئاڵوگۆڕیان پێناکرێت کە پێکهاتوون لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەرگری و فریاکەوتن، هێزەکانی زێرەڤانی، ئاسایش، پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 لە ئەرکدا دەمێننەوە تاوەکو بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداردەکرێنەوە".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، دوای تێپەڕبوونی ئەم بارودۆخە ئەو ماوەیەی کە هێزەکان لە ئەرکدا بوون بە مۆڵەت بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە 25-3-2020 دەرچووە و راگەیێندراوی ژمارە 22ـە لە ساڵی 2020. تێیدا هاتووە، لە رۆژی دەرچوونی راگەیێندراوەکەوە بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت.
بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا، لە هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و هێزەئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان جێگیرکراون تاوەکو رێگە لە هاتووچۆی هاونیشتمانییان بگرن و هاوکارییان بکەن لە جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتووچۆ.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ