سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: پێدانەوەی 10٪ـی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێگیرکرا

25-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر رەشنووسی بودجەی عێراق داوە و دانەوەی مانگانەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی جێگیرکرد.
 
شەوی پێنجشەممە، 25-5-2023، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمشەوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە دەڵێت، "یەكێتیی ئەو بەڵێنەی بردە سەر کە لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دابووی، مافی پارێزگاكانی هەرێمی لە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمەكان، هەروەها دابینکردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە و گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 10٪ـی مانگانە لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025 جێگیركردووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی بڕگە و مادەکانی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 کۆبووە، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی وەکو ناڕەزایەتی لەسەر پەسەندکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە لە کۆبوونەوەکە چوونەدەرەوە.
 
رۆژی 25ى ئایارى 2023 شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە نێو لیژنەى دارایی دەنگ بە مادەکانى 13 و 14 ى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى دراوە کە پشکى هەرێمى کوردستانی دیاریکردووە، بەڵام بەو گۆڕانکارییانەوە پەسندکراوە کە ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکێشیان کردووە."
 
پاشەکەوتی مووچەی هەرێمی کوردستان، لەساڵانی 2014 و چەند ساڵێکی دواتر بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە پەیڕەوکرا، بەپێی ئەو سیستەمە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆی مووچەی مانگانە دەبڕدرا.
 
شێروان دووبەردانى گوتیشى: "ئەندامە سوننەکانى لیژنەکە تێبینییان هەبووە لەسەر ئەو گۆاڕانکارییانە و دەنگیان پێنەداوە و ئەندامە پارتییەکانی ئەو لێژنەیەش کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە."
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.