داواکاری گشتی بۆ حکومەت: ئەو سەندیکا، یەکێتی و رێکخراوانەی ماوەی یاساییان بەسەرچووە سڕبکرێن

25-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکات سەرۆک و ئەنجوومەنی سەندیکا و رێکخراو و یەکێتییانەی ماوەی یاساییان بەسەرچووە و کۆنگرەیان نەکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەنجوومەنێکی نوێ سڕبکرێن. دەشڵێت" سەرۆک و ئەنجوومەنانە پێگەی خۆیان بۆ بەرژەوەندیی و مەرامی کەسی قۆستووەتەوە.
 
ئەندامێکی سەندیکای پارێزەرانیش دەڵێت، "سەندیکای پارێزەران نۆ ساڵ دەبێت کۆنگرەی نەکردووە و ئەگەر بەزووترین کات نەیکات سکاڵای لەسەر تۆماردەکات."
 
بەپێی نووسراوێکی دادوەر کاوە فەتحی مەعسووم سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی 23-7-2023 لەبارەی سەندیکا پیشەییەکان رەوانەی سەرۆکایەتی دیوانی لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە داوای سڕکردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو سەندیکا و یەکیتی و رێکخراوانە دەکات.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "لە ئەنجامی بەدواداچوونمان بۆ کار و چالاکییەکانی سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان بۆمان دەرکەوت زۆرینەی سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان لە هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە کۆنگرەیان نەکردووە وئەنجوومەن و سەرۆکەکانیان بە دەر لە یاسا بەردەوامن لەکارەکانیان، ئەوەش سەرپێچییەکی زەقی یاسا و پەیڕەو و پرۆگرامی سەندیکا و یەکێتییەکانە، بڕیارەکانیان پووچەڵە، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا ئەمانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵبژێدراون، دوای ئەو ماوەیە هیچ شەرعییەتێکی یاساییان نامێنێت."
 
هەروەها بەتوندی هێرش دەکاتە سەر ئەو رێکخراو و سەندیکایانە و دەڵێت، "ئەو سەرۆک و ئەندامانەی ئەنجوومەنە بەسەرچووەکان پێگەی خۆیان بۆ مەرامی کەسی و سوود وەرگرتنی کەسی بەکادەهێنن لەبەر ئەوەی ناکەونە ژێرباری هیچ چاودێرییەک، بۆیە پێشنیازی سڕکردنیان دەکەین."
 
ئومێد پاڵانی، پارێزەر و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لەبارەی بڕیارەکەوە، رۆژی سێشەممە، 25-7-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی سەندیکا و رێکخراوەکان بەنایاسایی و پێچەوانەی یاسا و پەیرەوی ناوخۆیان کاردەکەن و ئەو ماوەیەی بۆ هەڵبژاردن بۆیان دیاریکراوە پێوەی پابەند نەبوون و هەڵبژاردن و کۆنگرەیان نەکردووەتەوە، لەنێویاندا سەندیکای پارێزەران و سەندیکای مافپەروەران و ژوورە بازرگانییەکان و چەندین سەندیکا و رێکخراوی دیکە."
 
هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرە و هەڵبژاردنی سەندیکاکانیشی بۆ "ململانێ و ناکۆکی حیزبی بەتایبەت لەنێوان یەکێتی و پارتی گەڕاندەوە."
 
لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 100 سەندیکا و یەکێتی و سەدان رێکخراو هەن، بەشێکیان ماوەی 10 ساڵ و زیاتریشە هەڵبژاردن و کۆنگرەیان نەکردووە، بەشی زۆریان لەلایەن حکومەتەوە مووچە و بودجەیان هەبووە، جگە لە ئابوونەی ساڵانە و ناسنامە و چەندین سەرچاوەی دیکەی داهات.
 
ئومێد پاڵانیی پارێزەر لە قسەکانیدا باسی سەندیکای پارێزەران کە ئەندامە تێیدا دەکات و دەڵێت، "سەندیکای پارێزەران بەنموونە ماوەی 9 ساڵە کۆنگرە و هەڵبژاردنی نەکردووە، بۆیە ئەگەر بەزووترین کات نەیکات، من لەدادگەی بەرایی هەولێر سکاڵا لەسەر ئەنجوومەنی سەندیکا دەکەم و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەم، جگە لەوە دەبێت هەرچی مووچە و ئیمتیازاتیشیان هەیە لەدوای بەسەرچوونی کاتەکانیان بگەڕێنەوە و ئەوە بۆ هەموو سەندیکا و رێکخراوەکانیش گونجاوە."
 
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک کە رۆژی 07-12-2022 دەریکردووە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانەکە واژۆی کردووە، سەرجەم سەندیکا، کۆمەڵە و یەکێتییەکان ئاگادار دەکاتەوە و نووسیویەتی: "پاڵپشت بە یاسای کۆمەڵە و رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە 18ـی ساڵی 1993، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە ئاگادارکردنەوەی سەندیکا و کۆمەڵە و یەکێتییەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردنیان بەپێی یاسای بەرکار و پەیڕەوی ناوخۆییان لە ماوی 180 رۆژ".
 
زۆربەی سەندیکا و کۆمەڵەکان، هەموو ئەو دەستانە بەڕێوەیان دەبەن کە لە ساڵی 2011 هەڵبژێردراون، دواتریش ئەگەر گۆڕانکارییەک کرابێت، بە رێککەوتن و لەسەر بنەمای پشکی حیزبی بووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.