رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی 35 ساڵەی قۆناخی هەشتی تاوانی ئەنفال کە بە ئەنفالی بادینان ناسراوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تایبەتمەندیی قۆناخی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان لەوەدایە، موسڵمان و ئێزیدی و کریستیان ئەنفالکران." دەشڵێت، "ھێشتا یەک ئێسک و پرووسکی قوربانیانی ئەنفالی بادینان نەگەڕێندراونەتەوە." پێشنیازیش دەکات حکومەتی خۆجێیی دھۆک قەڵای دھۆک (سەربازگەی نزارکێ) بکاتە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەنفال و جینۆساید.
رۆژی هەینی یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لە یادی 35 ساڵەی قۆناخی هەشت و کۆتایی تاوانی ئەنفال کە لە 25ی ئابی ساڵی 1988 تاوەکو 6ی ئەیلوولی ئەو ساڵە بەردەوام بوو رایگەیاند، "قۆناخی هەشتەمی ئەنفالی بادینان دوا قۆناخی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، کە بە"خاتیمەی ئەنفال" ناسراوە. لە 25ی ئاب دەستیپێکرد و تاوەکو 6ی ئەیلوولی ساڵی 1988 بەردەوام بوو، جوگرافیای شاڵاوەکە هەموو دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەتایبەتی ناوچەکانی ئامێدی، زاخۆ، ئەترووش، ئیمنکی، باتوفە، دێرەسوور، کانی ماسێ، شێخان لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکانی دەشتی نەینەوا. لەم قۆناخەدا زیاتر لە 70 گوند بەر ھێرشی کیمیایی کەوتن."
لە راگەیێندراوەکەی یەکێتییەکەدا هاتووە، "تایبەتمەندیی قۆناخی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان لەوەدایە، موسڵمان، ئێزیدی و کریستیان ئەنفالکران. بۆ وەبیرهێنانەوە، لەم قۆناخەدا ھەزار ژن، منداڵ، پیر و جوان بوونەتە قوربانیی شاڵاو و پەلامارەکانی سوپای رژێمی بەعس، ھێشتا چارەنووسی ھەموویان نادیارە."
ئەم قۆناخەی تاوانی ئەنفال دوای کۆتاییهاتنی شەڕی عێراق - ئێران دەستیپێکرد؛ دەیان ھەزار ھاووڵاتی روویانکردە تورکیا و لە کەمپەکان نیشتەجێ کران و بەشێکیان بەرکەوتەی کیمیایی بوون.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان جەخت لە ئاوڕدانەوە لە دۆسیەی ئەنفال لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەڵیت، "ھێشتا یەک ئێسک و پرووسکی قوربانیانی ئەنفالی بادینان نەگەڕێندراونەتەوە."
هاوکات پێشنیازی کردووە، حکومەتی خۆجێیی دھۆک قەڵای دھۆک (سەربازگەی نزارکێ) بکاتە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەنفال و جینۆساید.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکان دەکاتەوە و داوا دەکات "ئێسک و پرووسکی قوربانیانی ئەنفال بهێندرێنەوە و کۆتایی بەم خەمساردی و ویژدانسڕییە بێت."
دوای تەواوبوونی قۆناخەکانی یەک تاوەکو حەوتی ئەنفال و وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە رۆژی 20ی ئابی 1988، قۆناخی هەشتەم دەستیپێکرد کە بە ئەنفالی بادینان دەناسرێت، ئەم قۆناخە لە رۆژی 25ی ئابی 1988 دەستیپێکرد تاوەکو 6ی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو، سنووری زاخۆ، دهۆك، ئەترووش، زاوێتە، ئامێدی، كانی ماسێ، باتیفا، دێرەلووك و سەرسنگی گرتەوە.
لە پڕۆسەی ئەنفالی بادیناندا، زیاتر لە 5000 کەس ئەنفالکران، نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، 663 گوند بەر پرۆسەی ئەنفال کەوتن، لەنێویاندا 40 گوندی مەسیحی، 81 گوندی کوردانی ئێزدی و 79 گوندی دیکەش کیمیاباران کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ