وەزارەتی ناوخۆ بۆ وەرگیراوانیان لە خوێندنی باڵا: هەفتەی داهاتوو سەردانی وەزارەت بکەن

25-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەو فەرمانبەر و کارمەند و ئەفسەرانەیان، کە لە تاقیکردنەوەی وەرگیراوان بۆ خوێندنی باڵا "ماستەر و دکتۆرا" لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەرچوون، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە سەردانی دیوانی وەزارەت بکەن و ژمارەیەک بەڵگەنامە لەگەڵ خۆیاندا ببەن. 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو کەسانەوە دەرکرد کە سەر بە وەزارەتەکەیانن و ناویان بۆ خوێندنی ماستەر یان دکتۆرا دەرچووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: ئەو فەرمانبەر و کارمەند و ئەفسەرانەی دامەزراوەکانی وەزارەتمان کە لە تاقیکردنەوەی وەرگیران لە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەرچوون، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 27 و 28ـی ئابی 2023 سەردانی دیوانی وەزارەت/بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی و سەرچاوە مرۆییەکان/دیراسات بکەن و ئەم پێداویستیانە لەگەڵ خۆیان بێنن: 
 
1- وێنەیەک لە ئەنجامی دەرچوون لە تاقیکردنەوە ئینجا لە سایتی زانکۆکە وەرگیرا بێت یان لە خودی زانکۆکە دەستان کەوتبێت، پێویستە ئەو بەڵگەنامەیە ناوی بەربژێری تێدا نووسرابێت. 
 
‏‎2- ئەگەر لە ئەنجامی گەڕانەوەی گازندە، لیست و ریزبەندی ناوی بەربژێرەکە گۆڕاوە، پێویستە ئەوەش بە پرێنتکراوی لەگەڵ خۆی بهێنێت. 
 
‏‎3- وێنەیەک لە فەرمانی زانکۆیی وەرگیراوان لەگەڵ ئەو بەشەی لیستی وەرگیراوان کە ناوی بەربژێرەکەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
 
رۆژی 12ی حوزەیران، تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو، کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێش کردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد. 11382یان بۆ ماستەر و 2692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیپلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و 1477یان بۆ دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی.
 
رۆژی سێشەممە 4ـی تەممووز، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا - دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای پەسندکرد و لە ماڵپەڕەکەی بڵاویکردەوە.
 
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7000 کورسیی راگەیاند، کە پێکدێن لە 2308 کورسیی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیپلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر 3312 کورسی و بۆ خوێندنی دکتۆرا 1834 کورسی، بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییانە 15 هەزار و 728 کەس تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵایان ئەنجامدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.