کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر: نیگەرانییەکانمان بەردەوامن لە پاشەکشێیەکانی ئەم دواییانەی ئازادیی راگەیاندن

25-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەگەڵ رۆژنامەڤانانی چەند ناوەندێکی راگەیاندن کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆنسوڵخانە، کۆنسوڵی گشتی، "نیگەرانیی" وڵاتەکەی لەبارەی "پاشەکشێی ئازادیی راگەیاندن" راگەیاندووە لەنێویاندا جێبەجێکردنی یاسای رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی دووشەممە، 25-9-2023، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەڤانانی ناوەندەکانی راگەیاندنی سەربەخۆ، رایگەیاند: "مارک سترۆ، کۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەگەڵ رۆژنامەڤانانی ژمارەیەک ناوەندی راگەیاندنی سەربەخۆ کۆبووەوە بۆ ئاشنابوون بە کارەکانیان و پانتایی کاری راگەیاندن و ئەو ئاڵنگاریانەی رووبەڕووی راگەیاندنی سەربەخۆ دەبنەوە."
 
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا دەستخۆشی لە رۆژنامەڤانەکان کرد لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ رووماڵکردنی بێلایەنانەی هەواڵە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر گوتوویەتی: "بەردەوامین لە نیگەرانییەکانمان دەربارەی پاشەکشەی ئەم دواییانەی ئازادیی راگەیاندن، پاشەکشە لە نموونەی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیانە و پشکنینی نایاسایی ئامێری ئەلیکترۆنی و کەموکوڕیی لە جێبەجێکردنی یاسای کاری راگەیاندن و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی دووشەممە، 20-3-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی تایبەت بە "پراکتیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022" لە جیهان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرنجی خستبووە سەر مافەکانی مرۆڤ پەیوەست بە تاک، رێکخراو، سیاسەتڤان و چالاکڤانانی سڤیل ئەوەش لە چوارچێوەی جاڕنامەی جیهانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی ساڵی 1948.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی دۆخی رۆژنامەڤانی و ئازادیی رادەبڕین، رەخنەی تووندی لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گرتبوو و گوتبووی هێزەکانی ئاسایش لە هەولێر و سلێمانی خۆپێشاندەران و رۆژنامەڤانانیان دەستبەسەرکردووە. 
 
لەبارەی هەراسانکردنی رۆژنامەڤانانیشەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کردبوو کە لە ماوەی نێوان ئایاری 2021 تاوەکو ئایاری 2022دا 280 کەیسی هەراسانکردن لە سەرانسەری عێراق تۆمارکراون "کە زۆربەیان لە بەغدا و هەولێر بوون". 
 
سێ رۆژ دواتر دیندار زێباری، بەرپرسی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بە "ناشەفاف و دوور لە راستی" نێوبرد و رایگەیاند: "راپۆرتەکەیان ئاماژە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، بەتایبەتی لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە بە تەحەدایەکی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی کوردستان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.