لاهوور شێخ جەنگی، مەلا بەختیار و هەشت ئەندامی سەرکردایەتی بەشداریی کۆنگرەی یەکێتی ناکەن

25-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جگە لە هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و مەلا بەختیار، هەشت ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشداریی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە ناکەن کە بڕیاروایە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لە سلێمانی بکرێت، هەروەها ئەندامێکی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەكێتیش گلەیی لەوە دەکات کە بەشدارییان پێ نەکردووە.
 
شەوی دووشەممە، 25-9-2023، مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەندامی ناوەندیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و دامەزرێنەری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، پەیامێکی رەخنەئامێزی لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
لە پەیامەکەدا (فازڵ کەریم ئەحمەد) ناسراو بە مامۆستا جەعفەر کە یەکێک بووە لە نووسەرە دیارەکانی ئەو حیزبە بەکورتی باسی مێژووی دروستکردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "نابێت رێگە بدرێت سوپا و پۆلیس و دەزگای هەواڵگری دەستوەربداتە كاروباری حیزبێكی سیاسی، لەڕووی یاساییەوە دەتوانرێت لێپێچینەوەی یاسایی لە رێگەی دادگەی فیدراڵی و دادگەی لاهای لەسەر ئەم كەیسە بكرێت، یەكێتی جاران خۆی بە خزمەتكاری خەڵك دادەنا، ئێستا تەنانەت وەبەرهێن و بازرگانەكانیش ژیانیان تاڵ كراوە." 
 
سەبارەت بە بانگهێشتنەکردنی بۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، مامۆستا جەعفەر دەڵێت: "من وەكو كەسێك كە خاوەن چەندین شەهیدم، ساڵی 1978 ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی ناوەندیی كۆمەڵە بووم و نزیكەی 40 كتێبم بە ئەڵمانی و عەرەبی و كوردی بڵاوكراوەتەوە، هەروەكو رێزێك بۆ خۆتان دەبووایە لانیكەم شانازی بەوەوە بكەن، ئەو سەركردانەی بە رێكەوت ماون و دەوری سەرەكیان لە دامەزراندنی یەكێتی و هەڵگیرساندنی شۆڕش هەبووە بۆ كۆنگرە بانگهێشت بكرێن، كەچی كەسانی نامۆ بە یەكێتی و مێژووی گەلی كورد لەسەری سەرەوە جێگایان بۆ دادەنرێت، ئەوەی خاوەنی ماڵی راستەقینەی یەكێتیشە، دەبێ رێگەی هەناسەدانیشی پێنەدرێت چیمان چاند ئێستا چی دەدورینەوە؟"
 
رۆژی 20ـی ئابی 2023، بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ی ئەیلوولی 2023 (کە دەکاتە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی ساڵی 2021 لە یەکێتی دوورخرایەوە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی بەشداری کۆنگرە ناکەن، لەوانە: مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لیوا چەتۆ ساڵح، ئاراس شێخ جەنگی، فێنک ئەحمەد، ژینۆ محەممەد، سەردار هەرکی، پەروین کاکەحەمە، شادومان مەلا حەسەن، رێبوار جاف، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی.
 
سەردار هەرکی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لەبارەی بەشدارینەکردنی لە کۆنگرەی پێنجی یەکێتی لە نووسینێکدا هۆکارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ  ئەوەی لەم بارودۆخەی یەکێتی نایەوێت ببێتە بەشێک لە دروستکردنی بارودۆخێک کە بە قسەی ئەو "زیان بە یەکێتی و بەهاکانی دیموکراسییەت لە کوردستان دەگەیێنێت" و دەڵێت: "بەشداریی لەم کۆنگرەیە ناکەم و دەستبەرداری هەموو پۆست و ئیمتیازاتێکی حیزبی دەبم."
 
هەریەک لە لیوا چەتۆ ساڵح و فێنک ئەحمەد و ژینۆ محەممەد، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی بەشدارینەکردنییانەوە روونکردنەوەیان داوە، لیوا چەتۆ ساڵح دەڵێت: "بڕیارمدا چیتر لەنێو سەرکردایەتییەکی بێ رۆڵ و لاواز و ناکاریگەر نەبم و بەشداریی لە کۆنگرەی پێنجەمیش ناکەم."
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا کە دوو رۆژ بەر لە کۆنگرەی یەکێتی، لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە، هۆکاری بەشدارینەکردنی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا رووندەکاتەوە و ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی" و دەشڵێت؛ "ئەوانەی بوونە ئەندامی کۆنگرە زۆربەیان دەستنیشانکراون و بە هەڵبژاردن نەچوونەتە کۆنگرە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە