رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە رێوڕەسمی ناساندنی بەربژێرەکانی ئەو حیزبە رایگەیاند: "داوا دەکەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەر خۆبن و دوور بن لە تووندتیژی و زمانی زبر". گوتیشی، "بە هیمەتی پارتییەکان بۆ رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین."
سەرۆک بارزانی داوای لە لایەنگران و ئەندامانی پارتی کرد کە سەنگی خۆیان و پارتەکەیان رابگرن و وەڵامی کەسانی "بێ بەرپرسیار" نەدەنەوە.
لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی: "هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و رەنجی خەڵکی کوردستانە، پارتیش شەرەفی ئەوەی پێ بەخشراوە کە خوێنێکی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنان و دەستکەوتنی ئەم دەستکەوتە."
"بڕوامان بە پێکەوە ژیانە و بە کردەوە سەلماندوومانە، دەمانەوێت خەڵکی کوردستان بەختەوەر بن، داوا دەکەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەر خۆبن و دوور بن لە تووندتیژی و زمانی زبر." سەرۆک بارزانی بە لایەنگران و ئەندامانی پارتی گوت.
سەرۆک بارزانی لایەنگران و ئەندامانی پارتی ئاگادار دەکاتەوە کە، "سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن و وەڵامی کەسانی بێ بەرپرسیار مەدەنەوە، ئاگادار بن، راتان نەکێشن بۆ شەڕێکی لابەلا." راشیگەیاند: "ئەوەی زمانی درێژە دەستی کورتە."
دەقی گوتارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان...
هەڤاڵانی بەڕێز، خوشک و برایانی خۆشەویست... هەمووتان زۆر بەخێربێن. لەم رۆژە پیرۆزەدا دەمەوێت پیرۆزبایی لە ئێوە، لە هەموو گەلی کوردستان بکەم؛ ئەو رۆژەی کە گەلی کوردستان بڕیاری دا، کە نەهێڵێت ئیرادەی بشکێت و خۆشی نەچەماند لە رۆژی 25ـی ئەیلوول. لەو رۆژەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستیپێکرد. پیرۆزبایی لە کاندیدە بەڕێزەکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم؛ پشت بە خوای گەورە و بە هیمەتی هەموو دڵسۆزانی کوردستان و بە فەرموودەی بارزانی نەمر: هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە و بە هیمەتی پارتییەکان خۆمان بۆ رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر ئامادە دەکەین و سەرکەوتنی گەورەش بەدەستدەهێنین.
دەبێت بڕواتان بەخۆتان بێت و بە متمانەیەکی بەهێزەوە هەنگاو بنێن و خۆتان ئامادە بکەن؛ دەبێت زیاتر بڕواتان بە سەرکەوتن بێت و نابێت بیر لە شکست بکرێتەوە؛ دەبێت هەر یەکێک لە ئێوە خۆی بۆ سەرکەوتن ئامادە بکات و سەریش دەکەوین ئینشاڵڵا.
هەڤاڵینە؛ هەرێمی کورستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی ئەنفالکراوانە، بەرهەمی خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، رەنجی خەڵکی کورستانە و پارتیش شەڕەفی ئەوەی بەرکەوتووە خوێنێکی زۆر بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە مەزنە و پاراستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە. من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ خۆڕاگری و پشتیوانییان بەرامبەر بە پیلانە دەرەکییەکان، کە بە چاوساخی هەندێک کەسی ناوخۆ ویستییان هەرێمی کوردستان تێکبدەن. هاووڵاتییانی هەرێمی کورستان تەحەموولیان کرد، سەبری ئەیووبییان هەبوو، خۆیان راگرت و هەرێمەکەیان تەسلیم نەکرد... سوپاسیان دەکەم و پیرۆزباییان لێدەکەم.
پارتی بڕوای بە ئاشتی، دیموکراتی و پێکەوەژیانە و بە کردەوەش ئەوەی سەلماندووە نەک بە قسە. ئێمە مەبەستمانە خەڵکی کوردستان بەختەوەربن و لە ژیانێکی خۆشدابن؛ ئێمە خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان ئاواتمانە.
داوا دەکەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن و دووربن لە تووندوتیژی و بەکارهێنانی زمانی زبر، راتاننەکێشن بۆ شەڕێکی لابەلا، سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن. زۆرجار وەڵامنەدانەوەی خەڵکانێکی بێ مەسئوولییەت، وەڵامدانەوەیە. وەڵامنەدانەوە خۆی وەڵامدانەوەیە. ئەگەر پێویست بوو وەڵامی شتێک بدەنەوە لە حاڵەتێکی دیاریکراودا، دەبێت وەڵامەکە دروست بێت و دەبێت پرس بە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن بکەن. هەروەها ئەوەشتان لەبیرنەچێت، ئەوەی زمانی درێژە دەستی کورتە.
ئەرکی هەموو هاڤاڵێکی پارتییە، کە نەک تەنیا خۆی، بەڵکو کەسوکاری و هەموو ئەو کەسانەی کە کاریگەری هەیە لەسەریان رۆژی 20ـی مانگ هیمەت بکات و خۆی و دەوروبەری بێن بۆ سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 190 بدەن، کە لیستی پاراستنی کەڕامەتی خەڵکی کورستانە، لیستی پێشمەرگەیە و لیستی شەهیدانە.
کاندیدەکانمان هەموویان خۆشەویستی ئێمەن، کچ و کوڕی ئێمەن و جیاوازی لەنێوان کاندیدەکان ناکەین و داواکارم هەمووتان سەرکەوتووبن، بەڵام یەک داواکاریم هەیە لێتان: کێبڕکێی یەکتری نەکەن، لەبەر ئەوەی هەریەکێکتان لە هەڵبژاردن دەربچێت، بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەکی نییە؛ داواش دەکەم کە بەڵێنی گەورە لە هەڵبژاردن نەدەن کە نەتوانن جێبەجێی بکەن، تەنیا بەڵێنی ئەو شتانە بدەن، کە دەتواندرێت جێبەجێ بکرێت. با دەنگتان بەرز نەبێت، بەڵکو با ئاستی قسەکانتان و رەفتارتان بەرز بێت.
ئێمە دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین. هەروەها ئەگەر لایەنێک پێی وابێت بە دژایەتیکردنی پارتی، شتی زیاتری دەستدەکەوێت، با بگەڕێتەوە بۆ مێژوو و عیبرەتی لێ وەربگرێت باشترە.
هەندێک کەس دڵیان بەوە خۆشکردووە کە پارتی باڵباڵێنی لەناودا هەیە. پارتی یەک حیزبە و یەک بڕیارە، پارتی حیزبی شەهیدانە و بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان هەیە و وەکو هەموو حیزبێک نییە بە دڵی خۆی بێت. ئیلتیزاماتی پارتی زۆر قورسە. با هیچ کەسێک خەیاڵی ئەوە نەکات کە پارتی باڵباڵێنی هەیە، چونکە زۆر کەس خەونی بەوە دەبینی کە لەناو پارتی و سەرکردایەتی پارتی جیاوازی هەبێت و کەلێن دروست بکەن، بەخوا خەونەکانیان بردە ناو قەبر و ئەوانەی ئێستاش هەر خەونەکانیان دەبەنە ناو قەبر.
خۆشبەختانە ئێستا لەگەڵ بەغدا لێکنزیبوونەوەنەوەک دروست بووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرێز سوودانی ئێستا لێکتێگەیشتنێکی تا رادەیەک باش هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک خەریکن لەگەڵ بەغدا چارەسەری ئەو گرفتانە بکەن، ئومێدەوارین بگەن بە چارەسەر بۆ هەموو گیروگرفتەکان و ئەوەش کارنامەی ئێمەیە و پێمان خۆشە کە ئەو کێشانە هەمووی چارەسەر بکرێن. لەگەڵ دراوسێکانیش سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ لایەک هەبێت.
بەداخەوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر گوێمان لە هەندێک لە شۆڤێنییەکان بوو، کە دەیانگوت: نابێت چەک بە پێشمەرگە بدرێت. هەروەها رەخنەیان گرتووە لەوەی کە چەند تۆپێک بە پێشمەرگە دراوە. وەڵامی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە پێشمەرگە دارێکە بە خوێنی شەهیدان و بە فرمێسکی دایکی شەهیدان ئاودراوە. ناوی پێشمەرگە و ئەرکی پێشمەرگە لای ئێمە زۆر پیرۆزە. پێشمەرگە نە بڕیاری کەس دروست بووە و نە بە بڕیاری کەسیش تێکدەچێت. پێشمەرگە بە ئیرادە کوردستانی پاراست، ئەگەر نا هیچ کاتێک یەکسانی نەبووە لەنێوان چەکی پێشمەرگە و چەکی ناحەزانی پێشمەرگە و دووژمنانی پێشمەرگە، بەڵام ئیرادەی پێشمەرگە بەهێزتر بووە و هیچ کاتێکیش پێشمەرگە مەترسی نییە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە هێزێکی گوێڕایەڵ و رێکخراوە، بەڵام مەترسی سەر عێراق و مەترسی سەر هەرێم و سەر ناوچەکە ئەو بیرۆکە شۆڤێنییەیە، کە ئێستاش هەر ماوە. پێشمەرگە تەنیا بەرگریی لە کوردستان و لە کەڕامەتی میللەتی کورد دەکات. پێشمەرگە پەلاماری کەس نادات.
هەڤاڵینە؛ دوای 20ـی ئۆکتۆبەر هەموو دنیا چاوی لە هەرێمە و ئێمەش هەموومان چاوەڕوانین بزانین، کە پەرلەمانی داهاتوو چۆن دەبێت. هیوادارم پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێک بێت کە شکۆ و پیرۆزی بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە و هەست بە بەرپرسیارییەتی مێژووی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بکات. هیوادارم پەرلەمانی داهاتوو ببێتە قەڵغانێک بۆ هەرێم و پەرلەمانێک بێت کە هەرچی پلان و هەوڵی تێکدانی هەرێم لە هەر لایەک کە دراوە تێکی بدات.
ئومێدەوارم و دەبێت هەوڵیش بدرێت کە دوای 20ـی ئۆکتۆبەر یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە هەرچی کاری نایاساییە هەبێت.
هەڤاڵینە؛ ئەندامانی پارتی؛ هەڤاڵانی پارتی؛ هەموو کوردێکی دڵسۆز داواتان لێدەکەن رێنماییەکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێت و داواش لە هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەم، کە هەریەکەیان ئەرکێکی دیاریکراویان پێسپێردراوە، پێش رۆژی 20ـی مانگ ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و ئەگەر گلەییش هەبێت با بۆ دوای هەڵبژاردن دوایبخەن و ئێستا کاتی گلەیی نییە. من بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم کە دوای هەڵبژاردن ئەوەی لە دەستمان بێت پێش هەمووان چاکسازی لەناوخۆماندا بکەین و ئینجا داوای چاکسازی لە خەڵکی دیکە بکەین.
بە تەواوی بڕوابەخۆبوونەوە و بە ئومێدێکی بەرز بڕۆن بەرەو هەڵبژاردن و دەنگ بدەن، بڕۆن بۆ سەر سندووقی دەنگدان و لەبیریش نەکەن، کە خۆتان نەچەمێنن.
لەکۆتاییدا دەمەوێت سوپاسی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن و هەموو بەشەکانی مەکتەب سیاسی و مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکان و هەموو لقەکان و هەموو ئەو هەڤاڵانە بکەم کە زەحمەتیان کێشاوە. هەروەها هیوادارم بەرهەمی ئەو ماندووبوونە لە رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر بێتە دەست و پارتی سەربکەوێت بۆ ئەوەی کوردستان بەهێز بێت و کوردستان پارێزراو بێت. سەرکەتووبن و لەخۆشیدابن. زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ