رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شارۆچکەی بەحرل ئوستای رۆژهەڵاتی دێرەزوور، لە هێرشێکی داعشدا، 5 شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
ئەگەرچی رووداوەکە بەرەبەیانی بووە، بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە تازە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، شەڕڤانەکانیان وەڵامی داعشیان داوەتەوە و شکستیان بە هێرشەکە هێناوە.
هەسەدە دەڵێت، دوای شەڕ و پێکدادانێکی قورس، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و بەدواداچوونی بۆ گرتنی چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش دەستپێکردووە.
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "سەرەخۆشی لە خانەوادە و هاوڕێیانی شەهیدان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنیان بەفیڕۆ ناڕوات. بە هەموو توانایەکمانەوە لە بەرامبەر ئەم چەتە تیرۆریستانەدا دەوەستینەوە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی شەهیدەکانمان دەدەین. بەپێی یاسا و بە هێزی خۆمان، بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشدار بوون، پشتیوانییان کردووە یان پلانی ئەم هێرشەیان داڕشتووە".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، هەسەدە داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە کە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و دابینکردنی ئاسایش، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ