رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان داوا دەکەن هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بخرێنەگەڕ.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێکی باڵای یەكێتی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد و لەلایەن سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی و شاندێکی باڵای یەكگرتووەوە پێشوازی لێكرا.
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیان، هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێن، "لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان، یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەر و پێشهاتەكان كرا و جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە كرایەوە بەبەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەناوخۆی هەرێم و عێراق بەشێوەیەك ژیان و گوزەرانی خەڵك پارێزراوبێت و هەوڵەكانیش بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان بەتایبەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بخرێنەگەڕ."
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا "بە پەرۆشەوە هاوڕابوون كە دۆخی هەستیاری ناوچەكە وادەخوازێت نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و یەكڕیزی بپارێزرێت و كێشەو كەموكوڕییەكانی بەردەم پرسی حكومڕانی چارەسەر بكرێن و ستراتیژی سیاسی حیزبەكانیش بخرێتە خزمەتی گشتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكات و ساتی خۆیدا بەجۆرێك ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لەهەرێم و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، لە كۆبوونەوەكەدا جەختکرایەوە "لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و فراوانكردنی هاریكارییەكان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ