ئاوەڕۆی شارۆچکەی رەبەت دەڕژێتە نێو بەنداوی سەردەشتەوە

25-11-2025
 ئاوی شارۆچکەی رەبەت دەڕژێتە نێو بەنداوی سەردەشتەوە
ئاوی شارۆچکەی رەبەت دەڕژێتە نێو بەنداوی سەردەشتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاوی ئاوەڕۆی شارۆچکەی رەبەت و گوندەکانی دەوروبەری دەڕژێتە نێو بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت و دانیشتووانی ناوچەکە داوا دەکەن پێش بە پیسبوونی ئاوی بەنداوەکە بگیرێ.
 
ئەو بەنداوە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکانی سەردەشت، رەبەت و گوندەکانی دەوروبەریانە؛ هەروەها بەشێکی ئاوەکەش بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێندرێ و لەنێو بەنداوەکەشدا ماسی و بوونەوەری ئاوی دیکە دەژین. بەشێکی ئاوی بەنداوی کۆڵەسەش بەرەو باشووری کوردستان بەردەدرێتەوە و تێکەڵ بە ئاوی بەنداوی دووکان دەبێت.
 
شوعەیب کوردپوور، رۆژنامەڤان و چالاکاڤانی مەدەنیی خەڵکی رەبەت کە ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رژانی ئاوەڕۆی رەبەت و نزیکەی 70 گوند بۆ نێو بەنداوی سەردەشت مەترسیدارە و ئەگەری تووشبوونی خەڵکی سەردەشت و رەبەت بە نەخۆشی زیاتر دەکات. دەشڵێت، سەردەشت دوو پاڵاوگەی ئاوی هەیە کە هەردووکیان لە رەبەت و نەڵاس دوورن و بۆرییەکانی گواستنەوەی ئاو لەو دوو پاڵاوگەیە بۆ شارۆچکەکانی رەبەت و نەڵاس کۆن بوون.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی سەردەشت پەیامێکی نووسراوی بۆ رۆژنامەڤانانی شارەکە نارد و تێیدا دەڵێت، پلانی رێکخستنی ئاوەڕۆ و دروستکردنی دوو پاڵاوگە بۆ رەبەت و نەڵاس و گوندەکانی دەوروبەریان دانراوە و بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ورمێ، دروستکردنی پاڵاوگە بۆ رەبەت 495 ملیار تمەن و بۆ نەڵاسیش 295 ملیار تمەن بودجەی پێویستە و داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و بودجەی ئێران کراوە بودجەکە دابین بکات بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت. 
 
بەنداوی کۆڵەسە لەسەر ئاوی زێی بچووک دروستکراوە و لە 13 کیلۆمەتریی باشووری رۆژهەڵاتی سەردەشت هەڵکەوتووە. گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوەکە لە ساڵی 2017ـەوە دەستیپێکردووە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی بەنداوەکە، رووباری زێی بچووکە کە لە کوێستانەکانی قەندیل لەنێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان سەرچاوە دەگرێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە