رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکەن ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵ و بارینی بەفرەوە گەشت بۆ هەرێمی کوردستان بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێریش دەڵێت: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 23-12-2021 نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەولێر".
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی24-12-2021 لەبارەی پشووەکانی سەری ساڵ و هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاتووچۆ ئاساییە و شوێنە گەشتیارییەکان کراوەن و لە رۆژانی سەری ساڵیش کراوە دەبن.
نادر رۆستی دەڵێت: "کارئاسانی زۆرباش کراوە بۆ ئەو گەشتیارانەی کە دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان؛ بەهۆی شەپۆلی بەفریشەوە چاوەڕوان دەکرێت بۆ رۆژانی پشووی سەری ساڵ و دوای سەری ساڵیش بۆ گەشتی زستانە گەشتیارێکی زۆر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن".
دەستەی گەشتوگوزاری هەولێریش دەڵێت "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 23-12-2021 ژمارەی گەشتیاران بۆ پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 971 هەزار و 522 گەشتیار؛ چاوەڕواندەکرێت بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە ئەو ژمارەیە دوو ملیۆن تێبپەڕێنێت".
ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، رۆژی هەینی 24-12-2021 رایگەیاند: "ئاماری هاتنی گەشتیاران لە رێگەی بازگە سنوورییەکانی پایتەخت و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە شێوەیەکی ورد و زانستیی تۆمار دەکرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت: "بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، ژمارەی گەشتیاران بۆ نێو شاری هەولێر زیادیکردووە، بەشێوەیەک لەساڵانی 2019 و 2020 ژمارەی گەشتیاران یەک ملیۆن و 860 هەزار و 236 گەشتیار بوو، بەڵام ساڵی 2021 ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ