د. عەلی دۆڵەمەڕی: ماکرۆن لەگەڵ سوودانی باسی باشکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر دەکات

26-01-2023
دانا عومەر
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت، یەکێک لەو پرسانەی سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی بکات پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و دەیەوێت سەردانەکەی سوودانی بکاتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. پێشبینیش دەکات دوای سەردانەکەی سوودانی لە کۆشکی ئیلیزێوە بانگهێشتنامەی فەرمی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی بکرێت بۆئەوەی گفتوگۆی هەمان پرس بکەن.
 
ئەمڕۆ  26-01-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی فەرەنسا دەکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆدەبێتەوە، پرسی وزە و ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، لە مژارە سەرەکییەکانی سوودانی و بەرپرسانی باڵای فەرەنسا دەبێت.
 
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، سوودانی کاژێر 16:00 بە کاتی پاریس دەگاتە فەرەنسا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، پاشان بۆ خوانی ئێوارە لە کۆشکی ئیلیزێ دەبێت و دواتر لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە.
 
د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە 26-01-2023 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هەوراز گوڵپی لە بەرنامەی نوڕۆژی رووداو گوتی، "فەرەنسا گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات، بۆیە سەرۆک ماکرۆن سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکاتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێشبینی دەکات دوای سەردانەکەی سوودانی بۆ فەرەنسا، ئەو وڵاتە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆئەوەی سەردانی فەرەنسا بکات و باس لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن.
 
بە گوتەی عەلی دۆڵەمەری، فەرەنسا دەزانێت بەبێ بوونی پەیوەندیی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئارامی لە عێراق دروست نابێت و پەیوەندیی نێوان عێراق و فەرەنساش بەرەوپێش ناڕوات، هەربۆیە کاتێک ماکرۆن کە سەردانی بەغدای کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتکرد بۆ بەغدا، بۆئەوەی بە بەرپرسانی عێراق بڵێت، گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات.
 
بەشێکی دیکە لە ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا پرسی ئابوورییە، عەلی دۆڵەمەری دەڵێت، "فەرەنسا چاوی لە بازاڕی عێراقە، خواستی ئەوەی هەیە کۆمپانیا فەرەنسییەکان وەبەرهێنان لە عێراق بکەن، بۆیە یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی سەردانی سوودانی بۆ فەرەنسا کەرتی وزە و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێیوایە کۆبوونەوەی سوودانی و ماکرۆن ببێتە هۆی جێبەجێکردنی رێککەوتنی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کە بەهۆی بەربەستەکانەوە جێبەجێ نەکرابوو.
 
فەرەنسا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی هاوکاریی عێراقی کردووە لە تێکشکاندنی داعش و رۆڵی کارای هەبووە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، پرسی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بابەتێکی سەرەکی دەبێت لە گفتوگۆی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا.
 
عەلی دۆڵەمەری ئەوەشی خستەڕوو، "سەرۆک ماکرۆن، یەکەم کەس بوو هەوڵی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی دا، بۆیە دەیەوێت ئەم حکومەتە جیاواز بێت لە حکومەتەکانی پێشوو، بەهێز بێت و رێگری لە دەستوەردانە دەرەکییەکان بکات، ئابووریی خەڵک بەرەوپێش ببات و کێشەی ئەمنیی ناوچە کێشەلەسەرەکان چارەسەر بکات، ناوچە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکاتەوە و هاوکار بێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، فەرەنسا هەموو ئەم کارانە لەپێناو ئەوەدا دەکات، کە ئارامی لە عێراق هەبێت، "لەبەر ئەوەی ئارامیی عێراق کاریگەریی لەسەر ئارامیی فەرەنساش هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە