رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە زستان و بەهاری ئەم ساڵ لە سنووری قەزای شارەزوور، زیانێکی زۆر بە رێگەوبان و پردی چەند گوندێک گەیشتووە و هاتووچۆی هاونیشتمانیانی پەکخستووە. قایمقامی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، نووسراویان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەن.
بەهۆی لافاوەکەوە، بۆ جاری دووەم رێگەی گوندی مالوان لە دەشتی شارەزوور داخرا و پردەکە لافاو بردی، ئەمەش بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم هاتووچۆی هاونیشتمانیان، جووتیاران و ئاژەڵدارانی ناوچەکە. پردەکان بەهۆی بەهێزیی لافاوەکەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و لە هەندێک شوێن بە تەواوی لەکارکەوتوون.
زیانەکان چەند گوندێک دەگرێتەوە
رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، "تەنیا یەک شوێن نییە، بەڵکو سێ بۆ چوار پرد و رێگەی جیاواز زیانیان بەرکەوتووە. لافاوی یەکەم زیانی پێگەیاندن و لافاوی دووەمیش قەبارەی زیانەکەی زیاتر کرد."
بەپێی گوتەی قایمقام، ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە:
• رێگە و پردی گوندی مالوان.
• گوندی قلیجە.
• پردی تووەوشک.
• پردی قەرەگۆل.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی رێگەکان، رزگار غەفوور ئاماژەی بەوە کرد، "لێژنەی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان سەردانی شوێنەکانیان کردووە. ئێمە نووسراومان کردووە و ئێستا چاوەڕێین دەرخستەی داراییان بۆ بکرێت و بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت تاوەکو دەست بە چاککردنەوەیان بکرێت."
ئێستا هاونیشتمانیانی ئەو گوندانە رێگەی جێگرەوە بەکاردەهێنن بۆ هاتووچۆ، بەڵام بەهۆی تێکچوونی پردە سەرەکییەکانەوە، گواستنەوە و کاری رۆژانەی جووتیاران بە قورس کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ