رووداو دیجیتاڵ
مەننان جەعفەر، ئەندامی لیژنەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سووریا دەڵێ، پرۆگرامێکی نوێی خوێندن ئامادە دەکەن کە تێیدا زمانی کوردی هەفتانە دوو کاژێر لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە دەخوێندرێ.
مەننان جەعفەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای خوێندنی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و گوتی، "ئێستا زمانی کوردی تەنیا وەک وانەیەک لە پرۆگرامەکەدا هەیە و لە هەفتەیەکدا دوو کاژێر" لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە دەخوێندرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ساڵانی 2026 و 2027 دۆخەکە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، بەڵام ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاریی زیاتر دەکرێ.
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی زمانی خوێندن بۆ کوردی لە بابەتەکانی وەک بیرکاری و فیزیا، مەننان جەعفەر گوتی، "وەزارەتی پەروەردە دەیەوێ هەموو پرۆگرامەکان بکاتە کوردی تاوەکو لە ناوچە کوردنشینەکان و تەنانەت لە حەلەب و دیمەشقیش کوردی ببێتە زمانی پەروەردە،" بەڵام جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی سیاسی و دانپێدانانی فەرمی بە پێگەی رۆژئاوای کوردستان، چ بە شێوەی فیدراڵی بێ، ئۆتۆنۆمی یان ناناوەندی.
مەننان جەعفەر باسی لەوە کرد کە سیستەمە نوێیەکەی خوێندن لە سووریا رەچاوی هەمەجۆریی کۆمەڵگەی سووریا دەکات و بۆ داڕشتنی پرۆگرامەکان، سوود لە ئەزموونی 10 ساڵەی رۆژئاوای کوردستان و هەروەها پرۆگرامە ئینگلیزییەکان دەبینن.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و مەننان جەعفەر:
رووداو: چوارچێوەی کارەکانتان چییە؟ ئایا تەنیا پرۆگرامی نوێ ئامادە دەکەن یان پڕۆژەی نوێ و فراوان بۆ پەروەردەی کوردی دادەمەزرێنن؟
مەننان جەعفەر: ئێمە پرۆگرامێکی نوێ ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی وانەی کوردی لە سەرانسەری سووریادا بخوێندرێت.
رووداو: ئایا زمانی کوردی تەنیا دەبێتە وانەیەک یان دەبێتە وانەی سەرەکی کە بابەتەکانی وەک بیرکاری، فیزیا و کیمیاش بەو زمانە بخوێندرێن؟
مەننان جەعفەر: بەڵێ، ئێستا تەنیا وەک وانەیەکە و لە هەفتەیەکدا دوو کاژێرە.
رووداو: ئایا پرۆگرامە نوێیەکان هەموویان بە کوردی نابن؟
مەننان جەعفەر: لە راستییدا، ئێمە ناتوانین بڕیار لە دۆخە سیاسییەکان بدەین. بەڵام ئێستا، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتوون، وەزارەتی پەروەردە خۆی دەیەوێ هەموو پرۆگرامەکان بکاتە کوردی بۆ ئەوەی لە ناوچە کوردنشینەکان و تەنانەت لە حەلەب و دیمەشقیش کوردی ببێتە زمانی خوێندن. بەڵام ئەمە بۆ ئەم ساڵ نییە. لە ساڵانی 2026 و 2027دا تەنیا وەک دوو کاژێر وانەی کوردی دەمێنێتەوە. سەبارەت بە داهاتوو هێشتا نازانین، چونکە پێمان گوتراوە ئامادەکارییەکانمان بکەین بۆ ئەوەی پڕۆگرامە عەرەبییەکان وەربگێڕینە سەر زمانی کوردی، بەڵام هێشتا لەمبارەیەوە بڕیارێکی فەرمی نەدراوە. دۆخەکە هێشتا روون نییە. بەڵام ئەگەر دۆخەکە گۆڕا و وەک باشووری کوردستان دانپێدانانێکی فەرمی بۆ ناوچەی رۆژئاڤا هاتە کایەوە - چ فیدراڵی بێت، ئۆتۆنۆمی بێت یان ناناوەندی - ئەو کاتە رەنگە هەموو پڕۆگرامەکانی خوێندن ببنە کوردی.
رووداو: ئایا لەو کتێبانەی مێژوو کە ئامادەیان دەکەن، مێژووی کوردستانی گەورە جێگەی دەبێتەوە یان نا؟
مەننان جەعفەر: ئێستا جگە لە هەرێمی کوردستان، دەستەواژەی "کوردستانی گەورە" بەکارناهێندرێ. تاوەکو ئێستا کتێبێکی سەربەخۆی مێژوو نییە؛ تەنیا دوو کتێب هەن. یەکێکیان بۆ خوێندنەوەیە و ئەوی دیکەیان بۆ چالاکییەکانە. بەڵام هەرێمی کوردستان خاوەن ستاتۆیەکی فەرمییە، بێگومان باس لە مێژووەکەی وەک ئەوەی هەیە دەکرێ. بەڵام سەبارەت بە "کوردستانی سووریا" یان "کوردستانی تورکیا"، ئێستا رێگە نادرێ بەم ناوانە جێگەیان ببێتەوە. ناوەڕۆکی ئەو کتێبە کوردییانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکەین، تەنیا باسی خێزان، کۆمەڵگە، تەندروستی، قوتابخانە و ژینگەن.
رووداو: ئایا بە فەرمی دەستان بە ئامادەکردنی پرۆگرامەکان کردووە و ئێستا لە چ قۆناخێکدان؟
مەننان جەعفەر: تازە دەستمان بە کارەکانی ئامادەکردنی پرۆگرامی خوێندن کردووە. هێشتا لە قۆناخی پلانی وانەکانداین و گفتوگۆ لەسەر بنەما سەرەکییەکان دەکەین.
رووداو: بۆ دانانی ئەم پرۆگرامانە، پشت بە چ ستاندارد و پێوەرێکی پەروەردەیی دەبەستن؟
مەننان جەعفەر: ستانداردی ئێمە ئەوەیە کە لە رۆژئاوا ئەزموونێکی دە ساڵەمان لە دانانی پڕۆگرامی خوێندن هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆگرامە ئینگلیزییەکان وەک سەرچاوە بەکاردێنین.
رووداو: ئایا کارەکە تەنیا گۆڕینی پرۆگرامە کۆنەکانە یان سیستەمێکی نوێ و سەردەمیانەی خوێندن بنیات دەنێن؟
مەننان جەعفەر: سیستەمەکە نوێیە، بەڵام رەچاوی هەمەجۆریی کۆمەڵگەی سووریا دەکرێ. بێگومان، ئەزموونەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاواش بۆ ئێمە سەرچاوەن.
رووداو: بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆگرامانە، پلانتان بۆ ئامادەکردنی کتێبی وانە و ئامرازەکانی فێرکردن بە زمانی کوردی چییە؟
مەننان جەعفەر: ئێستا بۆ ئەم ساڵ، وانەیەک کە تەنیا دوو کاژێر بێت لە هەفتەیەکدا، بەس نییە. بەڵام بەپێی پێشهاتە سیاسییەکان کە پەیوەستن بە دۆخی رۆژئاڤاوە، پڕۆگرامەکان ئامادە دەکرێن. واتە ئەگەر ناوچەی رۆژئاڤا ستاتۆیەکی فەرمی بەدەست بهێنێت، ئەو کاتە پڕۆگرام و رێبازەکانی پەروەردەش بە شێوەیەکی فراوانتر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ