چارەنووسی 442 پێشمەرگەی لیوای 20ی هاوبەش بە نادیاری ماوەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەدان گەنج کە ناویان بۆ لیوای 20ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەرچووە، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بەسەر تەواوکردنی رێکارەکان، هێشتا فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرنەچووە. بەرپرسانی سەربازی و پەرلەمانتارانیش دەڵێن، گرفتەکە پەیوەستە بە پێکهێنانی حکومەت و پەسەندکردنی بودجەی 2026.
 
هەڤاڵ سیتکانی، یەکێک لەو 442 پێشمەرگەیە کە ناوی لە لیستی یەدەگی لیوای 20دا بووە و شوێنی ئەو کەسانەیان گرتووەتەوە کە لە ساڵی 2023 ناوەکانیان گەڕاوەتەوە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە تەممووزی 2024 بانگکراین بۆ سەربازگەی کەرکووش لە دیالە، پشکنین، چاوپێکەوتن و بایۆمەتریمان تەواو کرد، تەنانەت لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراقیشدا وەک هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەت بەشداریمان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستبەکار نەبووین."
 
هەڤاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان نوێنەرایەتی 442 خێزان دەکەن و داواکارن لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆتایی بەو چاوەڕوانییە بهێنن.
 
"زۆر دۆسیەی دیکە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە"
 
عەمید عەبدولستار زێباری، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، سەبارەت بە دواکەوتنی فەرمانی دەستبەکاربوونی ئەو پێشمەرگانە دەڵێت، "چەندین جار بەدواداچوونمان کردووە، بەڵام تاوەکو حکومەتی نوێ پێک نەیەت، فەرمانی دەستبەکاربوونیان دەرناچێت. ئێستا هەموو شتێک پەیوەستە بە پێکهێنانی حکومەت و ئەوەی ئایا ئەو 442 کەسە لە چوارچێوەی فەرمانێکی نوێدا دادەمەزرێن یان وەک شوێنی لەجیاتیدانان دەبێت."
 
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق راشیگەیاند، جگە لەو پێشمەرگانە، زۆر دۆسیەی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراقیش بە هەمان هۆکار پەکیان کەوتووە.
 
"چاوەڕوانیی بودجەی 2026ین"
 
لە لایەکی دیکەوە، مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، گرفتی سەرەکی ئێستا تەرخانی داراییە. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "تاوەکو یاسای بودجەی 2026 پەسەند نەکرێت و تەرخانی دارایی بۆ ئەو 442 کەسە نەکرێت، فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ ناکرێت."
 
لیوای 20ی هاوبەش، یەکێکە لەو لیوایانەی کە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی پێکهێنراوە، بەڵام پرۆسەی تەواوکردنی میلاکاتەکەی چەندین جار رووبەڕووی گرفتی کارگێڕی و دارایی بووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سایلۆی گەنم لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

بەدواداچوونی رووداو؛ چاوەڕێی بەرهەمهێنانی 2 ملیۆن تۆن گەنم دەکرێ و بەغدا 400 هەزار تۆنی وەردەگرێ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرزی داهاتوو بە 400 هەزار تۆن جێگیر کرد. بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، گەنمی ئەم ساڵ نزیکەی 2 ملیۆن تۆن دەبێت و بەو جۆرەش بەغدا بڕێکی زۆری وەرناگرێ