خەڵکی قامشلۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ڤیڤیان فەتاح
ژمارەیەک هاونیشتیمانی لە شاری قامیشلۆ
ژمارەیەک هاونیشتیمانی لە شاری قامیشلۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەر شوێنێکی شاری قامشلۆ بڕوانیت، ئاڵای کوردستان بە بەرزی دەبینیت؛ ئەمجارە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نیگەرانن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر "برای گەورە" کە مەبەست لێی هەرێمی کوردستانە و، پێیان وایە کورد هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە نییە.
 
لە کاردانەوەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، نارین موراد، کە فەرمانبەرە لە قامشلۆ، دەڵێت: سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەکەین. جێگەی شەرمەزارکردنە کە هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامن؛ ئەم هێرشانە لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا نین، چونکە هەرێم رۆڵێکی گرنگی لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا هەیە. ئێران بە هەموو توانایەکییەوە ناوچەکە بەرەو جەنگ دەبات، ئەمە پەیامێکە بۆ ئەمریکییەکان چونکە بنکەکانیان لەوێیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکان بەردەوامن. پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بە بەرپرسیارێتییەوە سەیری ئەم پرسە بکات."
 
بەشیر دەروێش، کە هاووڵاتییەکی خانەنشینە، بۆچوونی وایە هێرشێکی دڕندانەیە بۆ سەر کورد و دژی کوردە ئامانجی ئەوان کوردە دەشپرسێت: "دەنا مەبەستیان چییە؟ باشوور چ پەیوەندییەکی بە شەڕی ئەوانەوە هەیە؟"
 
هاوکات عیسا قامشلۆ، کە کرێکارە، لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند: "ئەم هێرشەی سوپای ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان و شەهیدبوونی 6 پێشمەرگەمان سەرکۆنە دەکەین؛ هیوادارین گەلی کورد یەکدەست و یەکگرتوو بن".
 
لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن کوردەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە باشە و خراپەی ئەم شەڕەوە نییە.
 
عەباس عەباس، چالاکڤانی مەدەنییە، جەخت دەکاتەوە: "زۆر وڵات هەن بەدوای بیانوودا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە کوردستان بدەن. ئەم هێرشانە و شەهیدبوونی 6 کەس قبوڵکراو نییە. پێشمەرگە هێزێکی پاراستنە، هێرشکردنە سەر ئەوان، هێرشکردنە سەر هەموو کوردستانە."
 
بەشێک لە هاووڵاتییانیش هەست بە بێئومێدی و ستەمێکی گەورە دەکەن بەرامبەر بە نەتەوەکەیان. ئەمین حەج عەلی خانەنشین بە رووداوی گوت: "تەواوی جیهان دوژمنی کوردن، نازانین چی بکەین، خودا حەقمان بکاتەوە؛ نازانین چیمان کردووە وا لە ئێمە دەکەن". هەروەها فاتیمە مفرح، کە خانمێکی ماڵەوەیە، نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: باشوور چییە کە لێی دەدەن؟ وەڵا هەڵەن، بەس هەر لە کورد دەدەن، دەچن و دێن هەر لە کورد دەدەن".
 
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدبوونی ئەو شەش پێشمەرگەیە دەربڕی و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەکانیان کرد. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە