رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان کوژانەوەی گشتیی کارەبا روویدا؛ وەزارەتی کارەبا رایگەیاند کە کێشەکە تەکنیکییە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە راگەیێندراوێکی دیکەدا دەڵێت: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە.
پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاسایی بوونەوەی دۆخی کارەبای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، دوای کوژانەوەی گشتی "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتەکە: "تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر و دهۆک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وێستگەکانی گواستنەوەی کارەبای هەردوو پارێزگاکە توانییان کێشە تەکنیکییەکەی کارەبا چارەسەر بکەن و لە ئێستادا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە."
پێشتر وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هاونیشتمانییانی ئاگادارکردەوە کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوە، کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بڕاوە.
هەروەها لەبارەی "کوژانەوە گشتییەکە" شەعبان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک بە رووداوی گوت: "هۆکاری کوژانەوەکە تەکنیکی بووە، سەرقاڵی چارەسەرن."
شەعبان ئیبراهیم گوتی: "هۆکاری کێشەکەش، کەوتنی چەند ستوونێکی کارەبا بووە کە گومان دەکرێت بەهۆی رۆچوونی زەوی لەدوای بارانبارین روویدابێت."
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک: "ئەم کوژانەوەیە بەشێک پارێزگای هەولێریشی گرتووەتەوە چونکە نزیکەی 400 مێگاوات کارەبای دهۆک لە هەولێرەوە دێت و ئەو بڕە ئێستا پێمان ناگات، ڤۆلتیەی وێستگەکانی باعەدرێ و کواشێش کەمیان کردووە و کوژاونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ