حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە هێرشەکەی کۆرمۆردا چوار کەس شەهید بوون

26-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆردا چوار کارمەندی یەمەنی "شەهید بوون".
 
لە راگەیێندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهید بوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە و ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو".
 
دەشڵێت، "لە ماوەی رابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشترکردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج".
 
کەمێک پاش هێرشەکە، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ گوتیشی، "سێ کوژراوەکە بیانین؛ لەنێو بریندارەکانیشدا کورد هەن".
  
هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە کاژێر 06:45 خولەکی ئەم ئێوارەیە کرا. رەمک رەمەزان گوتی، سەرچاوەی درۆنەکە نادیارە.
 
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا داوا دەکات، "ئەم هێرشە دووبارانە پێویستە رابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و رادەستی یاسا بکرێن و رێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە".
 
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.