دۆسیەی عەجاج تکریتی رەوانەی دادگەی باڵای تاوانەکان کرا؛ 'بەم نزیکانە رۆژی دادگاییکردنی دیاری دەکرێت'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆسیەی عەجاج ئەحمەد حەردان، یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی کەیسی ئەنفال رەوانەی دادگەی باڵای تاوانەکان کرا. بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچمەماڵ دەڵێت: "عەجاج دانی بە تاوانەکانی دا ناوە و بەم نزیکانە رۆژی دادگەییکردنی دیاری دەکرێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، هابیل ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆسیەی عەجاج رەوانەی دادگەی باڵای تاوانەکان کراوە. ئەو دادگەیەی کە کاتی خۆی بۆ ئەو تاوانانە دامەزراوە کە لە ساڵی 1963 تاوەکو رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ئەنجامدراون".
 
بە گوتەی هابیل ئەحمەد، دادگەکە سەیری هەموو ئەو سکاڵایانە دەکات کە پەیوەستن بەم بابەتەوە و گوتیشی "کەیسی کورد بە گشتی، فەیلییەکان، بارزانییەکان و هەڵەبجە کاتی خۆی هەر رەوانەی ئەو دادگەیە کراون".
 
بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال گوتی:" عەجاج تکریتی دوای ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ژن و منداڵانی زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجامی داون، خۆی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە "بەم نزیکانە رۆژی دادگەییکردنی دیاری دەکرێت، ئەوکات پێویست دەکات هەموو سکاڵاکاران لەوێ ئامادە بن، هەم وەک سکاڵاکار و هەم وەک شایەت".
 
رۆژی 4ی ئابی پار، پڕکردنەوەی فۆرمی سکاڵا دژی ناوبراو دەستیپێکرد. هابیل ئەحمەد دەڵێت:"تاوەکو ئێستا 300 سکاڵا لە چەمچەماڵ، گەرمیان و هەڵەبجە لەسەر عەجاج تکریتی تۆمارکراون".
 
رۆژی 31ی تەممووزی 2025، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیێندرا کە یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی تاوانی ئەنفال و لە نوگرەسەلمان لای کورد بە "حەجاجی جەللاد" ناسراوە. 
 
لە ساڵی 1988 و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی سەربازیی رژێمی بەعس دا، پرۆسەی ئەنفال بە هەشت قۆناخ، دژی گەلی کورد دەستیپێکرد. بەپێی گێڕانەوەی رزگاربووان، هەموو ئەوانەی لە ئەنفالدا دەستگیرکران، لە قۆناخەکانی دواتردا لە یەکدی جیاکرانەوە؛ گەنجەکان بەرەو بیابان و چاڵەکانی مەرگ رەوانە کران، ژن و منداڵ و بەتەمەنەکانیش بەرەو زیندانی نوگرەسەلمان لە باشووری عێراق گوێزرانەوە.
 
ئەوانەی لە زیندانی نوگرەسەلمان مابوونەوە، باس لەوە دەکەن کە رۆژانە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی عەجاج تکریتی ئەشکەنجەی تووند دراون و ژمارەیەکیشیان بە ئەشکەنجە و گولـلەباران شەهید کراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک حاجی لەکاتی تەوافکردندا. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

گۆڕانکاری لە کات و گەشتی حەج کرا؛ بەشێکی رێگەکە بە پاس دەبێ و بەشەکەی دیکە بە فڕۆکە

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، گۆڕانکاری لە گەشتی حەجی ئەمساڵدا کراوە و ئەوانەی گەشتەکە دەکەن تاوەکو دەروازەی عەرعەر بە پاس دەچن و لەوێوە بە فڕۆکە دەگەیێندرێنە شاری جەددە و پاشان بە پاس دەچنە مەککە.