پاسەوانی سنووری ورمێ: لە سەردەشت دەستمان بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سنووری سەردەشت دەستیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە کە بە "مەبەستی تێکدانی ئاسایش" هەوڵی هێنانیان بۆ نێو خاکی ئێران دراوە.
 
محەممەد ئەحمەدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هێزەکانیان لە بەرزاییە سەختەکانی سنووری سەردەشت، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دانانی بۆسە، توانیویانە رێگری لە باندێکی قاچاخیی چەک بکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو چالاکییەدا دەست بەسەر 11 دەمانچەی جەنگی، تفەنگێکی راو و هەزار و 75 فیشەک و ژمارەیەک فیشەکداندا گیراوە.
 
فەرماندەی پاسەوانی سنووری ورمێ هۆشداری دەدات، "سنوورەکانی پارێزگاکە بۆ قاچاخچیانی چەک و ئەو کەسانەی بەکرێگیراوی دوژمنانی ئێرانن، پارێزراو نییە و رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە."
 
ئەم گرژییە ئەمنییانەی سەر سنوورەکان هاوکاتە لەگەڵ هەستیارترین قۆناخی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 2026دا.
 
دوای راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە مانگی نیسانی 2026دا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لە پاکستان بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی پێداگریی تاران لەسەر بەردەوامیی پیتاندنی یۆرانیۆم و رەتکردنەوەی مەرجەکانی واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشتی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە.
 
سەرەڕای ئاگربەست، واشنتن گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران تووندتر کردووەتەوە و رێگری لە هەر کەشتییەک دەکات کە هەوڵی چوونی بۆ بەندەرەکانی ئێران بدات.
 
لەم دۆخەدا، بەرپرسانی سەربازیی ئێران هەموو جۆرە جووڵەیەکی چەکداری و گواستنەوەی چەک لە سنوورەکانەوە بە بەشێک لە پیلانی دەرەکی بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکە لێکدەدەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە