ئۆجەلان: قۆناخی داهاتوو بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی کوردییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکی نوێدا رایگەیاند، قۆناخی داهاتوو قۆناخی دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی کوردی دەبێت. دەشڵێت، دەبێت کورد کێشە ناوخۆییەکانی لە رێگەی دانوستاندنی دیموکراتییەوە چارەسەر بکات.
 
پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی نامەیەکەوە بۆ کۆنفرانسی "دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتی" نێردراوە، کە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
 
ئۆجەلان لە نامەکەیدا دەڵێت، "بناخەی ئەو بنیاتنانەوەیە یەکێتیی دیموکراتی، سیاسەتی دیموکراتی و دانوستاندنی دیموکراتی دەبێت. هەر هەنگاوێک لەسەر ئەم بنەمایە بنرێت، چارەنووسی هاوبەشمان دیاری دەکات."
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەی بنەڕەتیی ئەمڕۆ بریتییە لەوەی چۆن کۆمەڵگەی کوردستان ببێتە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و مۆدێرن. ئەو دەڵێت: "ئەم بنیاتنانەوەیە بە تووندوتیژی یان سەپاندن بەدەست نایەت؛ تەنیا لە رێگەی رێکخراوێکی کۆمەڵایەتیی فرەلایەنەوە دەکرێت کە لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتی و سەروەریی یاسا بێت."
 
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوا دەکات ململانێ ناوخۆییەکان بەلاوە بنرێن و کەشێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە دروست بکرێت، دەشڵێت: "لەو شوێنانەی کورد لێی دەژین، چۆن لەگەڵ نەتەوە-دەوڵەتەکان بەدوای چارەسەری دیموکراتیدا دەگەڕێن، دەبێت لەناوخۆی خۆشیاندا سیاسەتی دیموکراتی پێش بخەن."
 
لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، ئۆجەلارن رەخنە لە پێکهاتە کۆنەکانی ناو کۆمەڵگە دەگرێت و دەڵێت، "سیستمی پەیوەندییە هۆزەکی، عەشایەری و تەسکبینی کە کۆمەڵگە دابەش دەکات، بەربەستێکی گەورەیە. ئەم عەقڵیەتە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی لاواز کردووە."
 
ئۆجەلان چارەسەری ئەم دۆخە لە کۆبوونەوەی "کۆنگرەیەکی گشتگیری یەکێتیی دیموکراتی"دا دەبینێتەوە و وەک ئەرکێکی بەپەلەی مێژوویی وەسفی دەکات بۆ دەرخستنی ئیرادەی بەکۆمەڵی گەلی کورد.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەخت دەکاتەوە کە هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی نەتوانێت خۆی لەگەڵ واقیعی سەردەم بگونجێنێت و داینامیکە ناوخۆییەکانی لەسەر بنەمای دیموکراسی دانەمەزرێنێتەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت.
 
ئۆجەلان لە دوای پەیامەکەی 27ی شوباتی 2025، ئەمە شەشەم جارە پەیام لە رێگەی نامەوە لە گرتووخانەی ئیمراڵی دەینێرێت. هەروەها ئەمە دووەم جارە ئۆجەلان لە رێگەی کۆنفرانسەوە پەیام دەنێرێت. یەکەمجار لە 1ی ئەیلولی 2025 نامەیەکی بۆ کۆنفراسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو - تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی -  نارد کە لەلایەن میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، خوێندرایەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بڕێک چەکی دەستبەسەرداگیراو

پاسەوانی سنووری ورمێ: لە سەردەشت دەستمان بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرت

فەرماندەیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سنووری سەردەشت دەستیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە کە بە "مەبەستی تێکدانی ئاسایش" هەوڵی هێنانیان بۆ نێو خاکی ئێران دراوە