رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشکرایە سەر گوندێکی نزیک لە هەولێر، دەزگای دژە تیرۆری کوردستان لەو بارەوە دەڵێت، "سێ درۆن بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە نزیک گوندی براغ لە پارێزگای هەولێر دەکەوێت و درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستان، لەسەر درۆنەکان دروشمی "السلام علیک یا جمال العراق، بسم لله قاسم الجبارین، یا صاحب الزمان، یا زهراء" نووسراوە. دوو لەو درۆنانە دەتەقنەوە یەکێکیان ناتەقێتەوە، خۆشبەختانە وێرای زیانی ماڵی هیچ زیانێکی گیانی لێ ناکەوێتەوە.
کاژێر 1:50 خولەکی بەیانی رۆژی 26ی حوزەیرانی 2021، لە باخچەکانی سەر رێی سێولە، لە گوندی براغی نزیك کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەری پارێزگای هەولێر، سێ درۆن [فڕۆکەی بێفڕۆکەوان] خۆیان بە خانووی هاونیشتمانییەک دا دەدەن.
هەروەها دژە تیرۆر ئاماژە بەوەش دەکات، لێکۆڵینەوەکان لەو بارەوە بەردەوامە و ئەنجامەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکەین.
رۆژی 14-4-2021 هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. دوای ئەنجامدانی هێرشەکە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لە رێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانە کراوە".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ