رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دواى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە، دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، لە ساڵی 2022 زۆر هەوڵیان دا پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، رێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بەڵام ئاستەنگ دروستکران و وایانکرد زیان بە پرۆسەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان بگات و رەنگدانەوەی خراپی بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.
گوتەبێژی پارتی دەڵێت، دواى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان، "پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسییانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت".
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و رەچاوکردنی ئەو رێکارانەی بۆ کۆمیسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بگونجێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، 20-10-2024ـی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە رووداوی گوت، "کاتەکە زۆر گونجاوە و پێشوازیی لێدەکەین."
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، راگۆڕینەوە لەنێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبووە و لە ئەمڕۆوە "دەست بە کارەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت."
دەقی راگەیێندراوی پارتی لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن:
جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان...
لە ساڵى 2022 پارتیمان زۆر هەوڵى دا کە پێش تەواوبوونى وادەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ڕێکارەکانى پێویست بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانى پرۆسەى سیاسى و یاسایى بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەى خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆدا هێنا. لە دواى ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەى هەبوون، بۆ پەرلەمانى هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکى یاسایى کە ئەمەش ڕێگرى لێکرا.
بۆیە لە 18-03-2024 پارتیمان هەڵوێستى خۆى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان راگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕى و نادادپەروەریانەى کە هەبوون چ لە مافى پێکهاتەکان هەتا کێشەى پەنجەمۆر و هەوڵى بێبەشکردنى سەدان هەزار کەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندین بابەتى دیکەى پەیوەندار بە رێکارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، کە دواى ئەم هەڵوێستەى پارتیمان بەشێک لەو تێبینى و کەموکوڕییانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەرییەکان لەسەدا سەد نەبوون، بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانى کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانى دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دواى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت.
مەحموود محەممەد
گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان
26-06-2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ