رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای دانەگاز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کێشەیەکی تەکنیکی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر روویداوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوەین. دەشڵێت، هەوڵدەدەن بەزوویی کێشەکە چارەسەر بکەن.
لە کاژێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە بەهۆی "پەستانی گازەوە" لە کێڵگەی کۆرمۆر، کێشە بۆ کارەبای نیشتمانی لە تەواوی هەرێمی کوردستان دروستبووە. کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی دەڵێت، کێشەکان چارەسەر نەکرێن "70%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە." وەزارەتی کارەباش دەڵێت، کێشەکە "تەکنیکییە" و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان.
غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی پەستانی گازەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر ناچار بووین یەکە یەکە، یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکوژێنینەوە."
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی گوتیشی، "کێشەکان لەلایەن تیمی دانەگازەوە زوو چارەسەر نەکرێن 70%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە."
وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، کاژێر 09:00ی بەیانی دانا گاز هەناردەکردنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە راوەستاند، بەو هۆیەوە 2000 مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەورەکانی کۆبوونەوەکە باسی دۆخی کارەبایە.
حکومەت دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا رەوشی كارەبا لە وەرزی گەرما و هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاریی كارەبا، تاوتوێ دەكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ