رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەیەک لە گوندێکی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ژمارەیەک هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. پۆلیس دەڵێت، ئەوەی تەقیوەتەوە (TNT) بووە.
ئاکام محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شوێنی رووداوەکە سەختە و تائێستا تەواوی تیمەکان نەگەیشتوونەتە لایان، بەڵام گیانلەدەستدان و بریندار هەن".
رووداوەکە لە گوندی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە روویداوە.
گوتەبێژی پۆلیس گوتی: "ئەوەی تەقیوەتەوە تی ئێن تی بووە، ئەوەی بە ئێمە گوتراوە، کە بۆ راوە ماسی بەکاریانهێناوە".
بە گوتەی ئاکام محەممەد: "بە گوێرەی زانیاریی سەرەتایی، حەوت کەس بوون و سێیان گیانیان لەدەستداوە و چواریش بریندارن، بەڵام ئەوە ئاماری کۆتایی نییە".
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، سەرجەمیان خەڵکی سنووری هەڵەبجەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، داوا کراوە بە هێلیکۆپتەر بەهانای قوربانییەکانەوە بچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ