قایمقامی چەمچەماڵ: پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ لە داهاتی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت

26-07-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کێشەی کەمی ئاوی خاوێن لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بەردەوامە؛ قایمقامی شارەکە دەڵێت، تەنیا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ کێشەکانیان چارەسەر دەکات و ئەویش بودجەی بۆ تەرخانکراوە. 
 
بەگوێرەی بڕیارێکی 17ـی تەممووزی 2022ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت رۆژانە 2 ملیۆن لیتر ئاوی خواردن بەسەر سنووری چەمچەماڵدا لە رێگەی تەنکەرەوە دابەشبکرێت؛ ملیۆنێک بۆ چەمچەماڵ، 750 هەزار لیتر بۆ ناحیەی شۆڕش و 250 هەزار لیتریش بۆ ناحیەی تەکیە. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، ئەو دابەشکردنە کێشەی کەمکردووەتەوە، بەڵام چارەسەری کێشەی هاونیشتمانییانی نەکردووە.
 
رۆژی سێشەممە 26ـی تەممووزی 2022، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رێگەی لیژنەوە سەرپەرشتی دابەشکردنی ئاو دەکەین، بەڵام چارەسەری کێشەی ئاو تەنیا بە تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەبێت. ئەوەی کە پەیوەندی بە دابینکردنی ئاوەوە هەیە لە رێگەی بۆرییەوە، لە هەندێک شوێن 5 رۆژ جارێک ئاو دەگاتە ماڵان و لە هەندێک شوێنی دیکەش زیاترە و جاری وا هەیە دەگاتە 10 رۆژ." 
 
12ـی نیسانی 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە 70 ملیار دینار بۆ بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ. رەمک رەمەزان دەڵێت، بڕیارەکە لە وەزارەتی پلاندانانەوە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کراوە و ئێستا لە قۆناخی تەندەردایە.
 
دوای راگەیاندنی تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پڕۆژەکە، باس لەوە کرا کە دەبێت لە داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانی پارەکەی خەرجبکرێت و بەهۆی کێشەی سیولەوە لە بانکەکانی سلێمانیدا جێبەجێ ناکرێت یان دوادەخرێت، لەمبارەیەوە قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "ئەوەی بەئێمە گوتراوە پارەکە لەسەر داهاتی نێوخۆ نابێت و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە وەکو یەکەم پڕۆژەی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ دانراوە، ئەوەش لە ئەنجامی هەوڵەکانی ئێمە و سەردانمان بۆ وەزارەتی پلاندانان لە سەرەتای ئەمساڵدا." 
 
قەزای چەمچەماڵ کە هەشت ناحیەی لەسەرە، دانیشتووانەکەی دەگاتە زیاتر لە 200 هەزار کەس، دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری سلێمانی و کەرکووک و سەر بە پارێزگای سلێمانییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە