رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ناوچەی یەکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەڵێت، ئەوانەی پێشتر ناویان بۆ دامەزراندن بە پاسەوانی سنوور هاتووەتەوە و داوای پێداویستییەکانیان لێکرابوو بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، دەتوانن سبەی پێنجشەممە ئەو مامەڵانە و پێداویستییەکان بگەڕێننەوە بۆ هەولێر.
رۆژی چوارشەممە، 26-07-2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر ناوی سەدان کەس گەڕایەوە لەوانەی دەیانویست بە پاسەوانی سنوور دابمەزرێندرێن، دوای ئەوەی فۆرمی دامەزراندنیان پڕکردەوە، داوای ژمارەیەک پێداویستییان لێکرا بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، ئەوان دەتوانن سبەی ئەو پێداویستییانە بۆ بارەگای فەرماندەی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لە کانی قرژاڵە لە هەولێر بگەڕێننەوە."
رۆژی 19-07-2023، ناوی 900 کەس بۆ پاسەوانی سنوور لە هەر سێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک گەڕایەوە کە بڕیارە وەکو پاسەوانی سنوور دابمەزرێن. بڕیارە بۆ عێراق بە گشتی شەش هەزار و بۆ هەرێمی کوردستان 2600 کەس بۆ پاسەوانی سنوور دابمەزرێن.
دامەزراندنی ئەو هاونیشتمانییانە تایبەتە بە ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
مەرجەکانی دامەزراندنەکە بریتی بوون لە: کەسەکە دەبێت تەمەنی لەنێوان 17 ساڵ بۆ 35 ساڵ بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت، فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی پڕبکاتەوە و تەنیا پێویستە بڕوانامەی سەرەتایی و دواناوەندیی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ