رووداو دیجیتاڵ
شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لە قەزای باتیفای سنووری پارێزگای دهۆک گوێدرێژێکی بەدوای ئۆتۆمبێلەکەیدا راکێشا، دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
تۆڕی میدیایی رووداو نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-07-2023، ئەو ڤیدیۆیەی بڵاکردەوە کە تێیدا شۆفێرێکی عەرەب گوێدرێژێک بەدوای پیکابەکەیدا رادەکێشێت. هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود محەممەد عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی باتیفا بە رووداوی گوت، شۆفێرەکە دەستگیرکراوە و کەیسەکەی رەوانەی دادگەی بەرایی باتیفا کراوە.
بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی باتیفا گوتی، شۆفێرەکە خەڵکی موسڵە و لە گوندی گوفکێ لە سنووری قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ مەڕوماڵاتی هەبووە. دەشڵێت، "دەستگیرمان کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە ئەمە دیاردەیەکی ناشارستانی، نامرۆڤانە و نایساییشە."
رووداو وێنەی دوای ئازاردانی ئەو گوێدرێژەی بڵاوکردەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە گوێدرێژەکە سەلامەتە، بەڵام ئازاری پێگەیشتووە.
مەسعود محەممەد عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی باتیفا رایگەیاند، "کەیسەکەی رەوانەی دادگەی بەرایی باتیفا کراوە، ئەوە سەرپێچییە لەسەر مافی ئاژەڵ و بەپێی یاسای ژینگەی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ