لیژنەی قەرەبووکردنەوەی زیانبەرکەوتووانی شەڕەکەی لالەزار بۆ رووداو: هەمووان قەرەبوو دەکرێنەوە

26-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ئەو ماڵانەی بەهۆی شەڕەکەی لالەزارەوە زیانیان بەرکەوتووە، قەرەبوو دەکرێنەوە
ئەو ماڵانەی بەهۆی شەڕەکەی لالەزارەوە زیانیان بەرکەوتووە، قەرەبوو دەکرێنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، شوێنەواری فیشەک هێشتا بە پەنجەرەی ماڵانەوە دیارە و بۆنی بارووت لە هەندێک ژووردا هەستی پێدەکرێت. ئەوەی لە راپۆرتەکەدا دەردەکەوێت دیمەنی چەند شوێنێکە کە زیانی زۆری شەڕەکەی نێوان هێزە ئەمنییەکان و هێزەکەی سەر بە لاهوور شێخ جەنگیی بەرکەوتووە.
 
لیژنەی قەرەبووکردنەوە، کە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی پێکهێندراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانبەرکەوتووان بەردەوامە و هیچ کاتێک بۆ کۆتاییهاتنی کارەکانیان دیاری نەکراوە. لیژنەکە جەختی کردەوە، "تاوەکو یەک ماڵی زیانبەرکەوتوو مابێت، ئەوان لە کارەکانیان بەردەوام دەبن."
 
عەبدولی حەمەجوان، هونەرمەند و یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، لەکاتێکدا کارمەندانی لیژنەکە خەریکی چاککردنەوەی زیانەکان بوون، گلەیی لە رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "موبەریدە و پەنجەرە دەگۆڕن، ماڵیان ئاوا بێت. بەڵام بەخوا عەیبە! گلەییم لەوە هەیە، کورد کورد دەکوژێت، ئەی هاوار! تەنیا گلەییم لەمەیە، بەداخەوە."
 
لیژنەکە بە رووداوی گوت، رۆژانە لەو شوێنانەدا دەگەڕێن کە زیانیان بەرکەوتووە و هاونیشتمانییانیش دەتوانن راستەوخۆ داوای قەرەبوو لە ئەندامانی لیژنەکە بکەن.
 
هاونیشتمانییەکی دیکەی زیانبەرکەوتوو، کە لیژنەکە خەریکی چاککردنەوەی زیانەکانی ماڵەکەی بوون، باسی لە وردەکاریی کارەکان کرد و گوتی: "دەرگەی مەدخەل و دەرگەی ژوورەوەیە، پەنجەرەیەکە کە ئێستا بۆیان گۆڕین. پەنجەرەی ناوەوە و پەنجەرەی نهۆمی سێیەمیش کە تازە گۆڕییان. ئەوانی دیکەش محاجەرە و دیواری سەربان و شتی دیکەش. تاوەکو ئێستا پەنجەرەیان گۆڕیوە، هێڵی ئینتەرنێت پچڕابوو، چاکیان کردەوە. دەستیان خۆش بێت و لەشیان ساخ بێت."
 
سەبارەت بە زیانی ئۆتۆمبێلەکان، لیژنەکە رایگەیاندووە کە ٩٠90٪ی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، قسەیان لەگەڵ کراوە و سەرپشک کراون لەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ چاک بکرێتەوە یان پارەیان پێبدرێت و خۆیان چاکی بکەنەوە. ئەم شێوازەش بۆ قەرەبووی هەموو پێداویستییەکانی دیکە جێبەجێ دەکرێت.
 
لیژنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراو بۆ قەرەبووکردنەوە دانەنراوە و بارتەقای زیانەکان، هەرچەندێک زۆر بن، قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.