لیژنەکانی بەخاکسپاردنی مردووانی کۆرۆنا هەڵوەشانەوە

26-09-2020
ئالان نازم
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەکانی بەخاکسپاردنی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیان لەدەستددەن هەڵوەشاونەتەوە، هاونیشتمانییان سەرپشکن لە شوێنی بەخاکسپاردنی مردووەکانیان.
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی مانگێکە لیژنەی بەخاکسپاردنی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن هەڵوەشاوەتەوە، هەڵوەشاندنەوەی لیژنەکەش دوای ئەوە هات کە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکانی ئاگادارکردووەتەوە کە دەتوانن مردووانی کۆرۆنا رادەستی کەسوکارەکانیان بکەنەوە بەمەبەستی بەخاکسپاردنیان.
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد دەڵێ، دوای ئەنجامدانی رێکارە تەندروستییەکان تەرمی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن رادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە، رێنمایی دەکرێن کە بەگوێرەی رێکارە تەندروستییەکان بەخاکی بسپێرن، بەجۆرێک مردووەکە نەشۆردرێت و کفن نەکرێت، هاوکات گۆڕەکەی قووڵتربێت لە گۆڕی ئاسایی، ئەو کەسانەشی بەشدارن لە بەخاکسپاردنەکەیدا دەستکێش و دەمامک ببەستن، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش قەرەباڵح نەبێت.
 
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر هەموو ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست دەدا لە گۆڕستانێکی تایبەت بە خاک دەسپێردران، بەڵام ئێستا دوای رادەستکردنی تەرمی مردووەکە، کەسوکارەکەی ئازادن لە هەر گۆڕستانێک بەخاکی دەسپێرن، بەڵام بە رەچاوکردنی رێکارە تەندروستییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە