رووداو دیجیتاڵ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا گەنجێک بە تاتوو وێنەیەکی گەورەی دەمیرتاش لەسەر پشتی نەخشاندووە. ئەو گەنجە لەگەڵ تاتووکە نووسیویەتی: "زەکاتی بوێریی ئێمە، بوێریی بە هەمووتان دەدات".
بە گوێرەی بەشێک لە ماڵپەڕە هەواڵییەکان، ئەو گەنجە خەڵکی جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە. کارەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەتایبەتیش لە تیکتۆک دەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016وە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە. دەمیرتاش تۆمەتەکانی ئەندامیەتی و پروپاگەندە بۆ پەکەکە و هاندانی خەڵک بۆ تووندوتیژیی درایە پاڵ.
دادگە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێدا دەمیرتاشی بە 42 ساڵ زیندانی سزادا.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە تشرینی دووەمی 2018 داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوکاتە گوتی: "ئەم بڕیارە ئێمە پابەند ناکات" و ئەنقەرە جێبەجێی نەکرد. هەروەها ئەیلوولی 2019 دەمیرتاش لە دۆسیەیەکی نوێ لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ تۆمەتبارکرا و درایە دادگە.
وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا بڕیاریاندا و بە "پێویستیان زانی" دەمیرتاش ئازاد بکرێت. کانوونی دووەمی 2020یش بڕیارەکەی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، پێشێلکاریی کردووە. بەڵام ئەمەش بێهودە بوو و تورکیا پێداگر بوو لەسەر هێشتنەوەی دەمیرتاش لە گرتووخانە. لیژنەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە چاودێریی دۆسیەکە دەکات، تاوەکو ئەیلوولی 2023 مۆڵەتی دابوو بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش. بەڵام دەمیرتاش هێشتا لە گرتووخانەیە.
بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا
تورکیا، رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ی دەستووری وڵاتەکەیەوە.
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا راستەوخۆ و وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ